لاڤرۆڤ: هاوکاریى هەواڵگریمان پێشکێشى ئێران نەکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە هاوکاریی هەواڵگریی مۆسکۆ بۆ ئێران دەکەن و رایگەیاند، شوێنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا زانیاریی گشتین و پێویستییان بە هەواڵگریی رووسیا نییە.
 
سێرگێی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا شەوى پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026 لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵى فەرەنسا 2ى فەرەنسى رایگەیاند، مۆسکۆ و تاران خاوەنی رێککەوتنی هاوکاریی سەربازی و تەکنیکین و رووسیا جۆرەها بەرهەمی سەربازیی داوەتە ئێران، بەڵام ناتوانن ئەو تۆمەتانە قبووڵ بکەن، کە دەڵێن لە رووی هەواڵگرییەوە هاوکاریی ئێرانیان کردووە.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە کرد، هەموو کەسێک شوێنی جوگرافیی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەزانێت و ئەمە زانیارییەکی شاراوە نییە، بۆیە سەرسام نیییە بەوەی ئێران هێرشیان دەکاتە سەر.
 
لاڤرۆڤ رەخنەی تووندی لە بەرپرسانی ئەمریکا گرت و بە "بێباک" وەسفی کردن لە ئاست کوشتنی سەرکردەکانی ئێران. 
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی: "کاتێک ئەندامانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا بە شانازییەوە باس لە کوشتنی رێبەر و ئەندامانی دیکەی سەرکردایەتیی وڵاتێک دەکەن، قورسە ئەمە بە هیچ شێوەیەک وەک شتێکی دیکە جگە لە بێباکى و بێڕێزی وەسف بکرێت." 
 
جەختیشی کردەوە کە رووسیا داکۆکی لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و هەموو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەکات.
 
ئەم لێدوانانەی لاڤرۆڤ دوای ئەوە دێن رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتیکدا نووسیبووی،  مۆسکۆ زانیاریی وردی مانگی دەستکرد و هەواڵگریی لەسەر شوێنی کەشتییە جەنگییەکان و فڕۆکەکانی ئەمریکا داوەتە ئێران. 
 
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژى ئێران کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تارانی گەیاندووەتە ئاستێکی ستراتیژیی نوێ. 
 
لە نێوخۆی ئێرانیش، دۆخەکە بە قۆناخێکی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت؛ بەتایبەت دوای ئەوەی عەلی لاریجانی، بەرپرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران کوژران. 
 
لە لایەکی دیکەوە، گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا بەردەوامن و چاوەڕوان دەکرێت لە 1ی نیسانی 2026دا، کەشتیى جەنگیى "بۆکسەر" بگاتە ناوچەکە کە نزیکەی 2,200 سەربازی مارێنزی هەڵگرتووە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە