رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکی نوێدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتانی ناوچەکە دەکات بە زووترین کات لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرن، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشکردنە سەریان.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە راگەیێندراوی ژمارە 48ی تایبەت بە "ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستگۆی 4" کە ئەمڕۆ هەینی 27ی ئاداری 2026، هۆشدارییەکی ئاراستەی خەڵک کردووە، بەبێ ئەوەی ناوی ناوچەکانیان بهێنێت.
لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران دا هاتووە: "هێزە ترسنۆکەکانی ئەمریکا و زایۆنی، کە توانای بەرگرییان لە بنکە سەربازییەکانی خۆیان نییە، لە ترسی ئاگری جەنگاوەرانی ئیسلام پەنایان بۆ شوێنە مەدەنییەکان بردووە و دەیانەوێت خەڵکی بێتاوان وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاربهێنن."
سوپای پاسداران لە پەیامەکەیدا بۆ خەڵکی ناوچەکە دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ئەرکی سەرشانی ئێمەیە هێزە تیرۆریستەکانی ئەمریکا و رژێمی داگیرکەر لە هەر شوێنێک بن لەناویانبەرین، داواتان لێدەکەین بەپەلە دەوروبەری شوێنی جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکان چۆڵ بکەن، بۆ ئەوەی هیچ زیانێکتان پێنەگات."
رۆژی 28ی شوبات هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وڵاتەکە کوژراون. ئێرانیش وەڵامی هێرشەکەی دایەوە، لە چوارچێوەی وەڵامەکانیدا هێرشی کردووەتە سەرجەم وڵاتانی کەنداو.
ئەو هۆشدارییەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل راگەیاند، شەوی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا "گرنگترین" پێگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و مینی دەریایی لە شاری یەزد کردووەتە ئامانج و زیانی گەورەیان پێگەیاندووە.
سوپای پاسدارانی ئێران تاوەکو ئێستا 83 جار بە درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتانی کەنداو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ