هێرشەکانی ئێران بە مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دا بەردەوامن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە کاردانەوەیدا بەرامبەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران بە مووشەک و درۆن هێرشیکردە سەر چەندین شوێن لە ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، هێرشەکانی بەردەوام دەبن.
 
کەمتر لە سێ کاژێر دوای دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا، کاردانەوەی مووشەکیی ئێران بەرامبەر هێرشەکە دەستیپێکرد و لە ئیسرائیل، سعودیە، قەتەر، ئیمارات، بەحرێن، کوێت و هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی کردە ئامانج.
 
ئێران ئۆپەراسیۆنی وەڵامدانەوەی بەرامبەر هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیلی ناو ناوە 'ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی راستی 4' وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی وەڵامدانەوەکە درێژەی ئەو هێرشانەیە پێشتر ئێران کردوویەتییە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل. ئێران پێشتر لە تۆڵەی کوشتنی قاسم سولەیمانی و هەروەها هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە لە حوزەیرانی 2025، سێ جار هێرشیکردە سەر بنکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەم جارە، جاری چوارەمییەتی. 
 
سوپای پاسداران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، بە مووشەک و درۆن بنکەی سەرەکیی هێزی ژمارە پێنجی دەریاوانیی سوپای ئەمریکا لە بەحرێن و بنکەکانی دیکەی ئەمریکای لە قەتەر و ئیمارات و هەروەها ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکانی لە ئیسرائیل کردووەتە ئامانج. 
 
ئاژانسی حکومیی بەحرێن پشتڕاستیکردەوە، ناوەندی فەرماندەیی هێزی دەریایی ئەمریکا لەو وڵاتە بە مووشەک کراوەتە ئامانج. فەرماندەیی هێزی ژمارە پێنجی دەریاوانیی سوپای ئەمریکا بەرپرسی پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، دەریای عومان، کەنداوی عەدەن و بەشێک لە زەریای هیندی.  
 
هەروەها وەزارەتی بەرگریی شانشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات) لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، لە هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا بۆ سەر ئەبوزەبی، کەسێکی سیڤیل کوژراوە. لەبارەی ناسنامەی کەسە سیڤیلەکەش، ئاماژە بەوە کراوە، خەڵکی یەکێک لە وڵاتانی ئاسیایە.
 
سوپای کوێتیش رایگەیاند، بنکەی هێزی ئاسمانیی 'عەلی سالم' کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە یەکێک لە مووشەکەکانی ئەو وڵاتە راستەوخۆ بەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانیی ناتۆ کەوتووە لە کوێت و زیانی زۆری بە بنکەکە گەیاندووە. وەزارەتی بەرگریی کوێت هەواڵی هێرشی مووشەکیی ئێران پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام رایگەیاندووە بەرگریی ئاسمانیی کوێت توانیویەتیی مووشەکەکان بخاتە خوارەوە.
 
ژمارەیەک مووشەکیش ئاراستەی قەتەر کراون. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی قەتەر بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەوە پێیگەیشتووە بڵاویکردووەتەوە، هەموو ئەو مووشەکانەی ئاراستەی ئەو وڵاتە کرابوون، خراونەتە خوارەوە. وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران دەکات و دەڵێت "قەتەر بە مافی خۆی دەزانێت، وەڵامی ئەو هێرشە بداتەوە".
 
بەرپرسێکی ئوردن کە ناوی بڵاونەکراوەتەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێزەکانیان دوو مووشەکی بالیستیی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە کە ئاراستەی ئەو وڵاتە کرابوون.
 
هەروەها میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بنکەی سەربازیی مەلک فەهد لە سعودیەش لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام ئێران و سعودیە بە فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "دەستدرێژیی ئاشکرای ئێران و پێشێلکردنی سەروەریی ئیمارات، بەحرێن، قەتەر، کوێت و ئوردن بە تووندترین شێوە سەرکۆنە دەکەن". پاڵپشتیی خۆشی بۆ وڵاتانی عەرەبی دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانە لە ئەگەری هەر بڕیارێک کە بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئێران بیدەن.
 
ئێران لە کاردانەوە بەرامبەر هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا، ژمارەیەک درۆن و مووشەکیشی ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرد. بەپێی زانیاری پەیامنێرانی رووداو لە هەولێر هەموو مووشەک و درۆنەکان لەلایەن سسیستەمی بەرگریی ئەمریکا لە هەولێر خرانە خوارەوە و هیچ زیانان نەبووە. هەروەها بەپێی راگەیێندراوێکی دژە تیرۆری کوردستان، "کاتژمێر 13:25 هێزەکانی هاوپەیمانان ژمارەیەک مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە پارێزگای هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و داراییان لێ نەکەوتەوە".
 
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا، لانیکەم 200 سەرباز کوژراون و برینداربوون، بەڵام کوژرانی کەسێک لە ئیمارات و پێنج کەس لە سووریا پشتڕاستکراوەتەوە و حکومەتی ئیمارات و سووریا رایانگەیاندووە، کوژراوەکان خەڵکی سیڤیلن.
 
ئێران رایگەیاندووە، بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی، دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی لە ئیسرائیلیش کردووەتە ئامانج و ئیسرائیلیش پشتڕاستیکردووەتەوە، بەڵام زیانەکانی رانەگەیێندراوە.
 
ئێران دەڵێت هێرشەکانی ناوەستێنێت
 
میدیاکانی ئێران لە زاری بەرپرسانی سوپای پاسدارانەوە بڵاویانکردووەتەوە، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە ناوەستێت و بەردەوام ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە وەکو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دەیانناسێنن.
 
سوپای پاسدارانیش لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها 'بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە' بەردەوام دەبن.
 
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئێران هەموو ئەو شوێنانەی ناوچەکە دەکاتە ئامانج کە ئەمریکا بۆ هێرشیکردنە سەر ئێران، سوودی لێوەرگرتوون.
 
سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی تووندی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە. ئەبولفەزڵ شکارچی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، وەڵامی ئێران بە جۆرێک دەبێت کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشەکەیان پەشیمان دەکاتەوە.
 
کاردانەوەی وڵاتانی جیهان
 
هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لەکاتێکدا بوو، گەڕێکی دیکەی دانوستاندن لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوبژیوانیی عومان بەڕێوەدەچوو و بڕیاربوو لەم هەفتەیەدا گەڕێکی دیکەی دانوستاندنیش بەڕێوەبچێت. بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان کە نێوبژیوانکەری دانوستاندنەکانە، رەخنەی لە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گرت و داوایکرد شەڕەکە بوەستێندرێت.
 
وەزیری دەرەوەی عومان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، "هەست بە ناڕەزایی دەکەم، چونکە دانوستاندنی چالاک و رژدی نێوان تاران و واشنتن جارێکی دیکە لاوازبووە. ئەو هەنگاوە بە سوودی ویلایەتە یەکگرتووەکان و پرسی ئاسایشی جیهانی نییە".
 
بەشێک لە وڵاتانی دیکەی جیهانیش کاردانەوەیان بەرامبەر دەستپێکردنی ئەو شەڕە هەبووە. بەشێک لە وڵاتان داوای راگرتنی دەکەن و بەشێکی دیکەش پشتگیری لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا داوای لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد بە خێرایی هێرشەکانیان بۆسەر ئێران رابگرن. لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا هاتووە، دەبێ ئەم دۆخە بگەڕێندرێتەوە بۆ سەر رێگەی چارەسەرکردنی سیاسی و دیپلۆماتی. ئامادەیی وڵاتەکەشی راگەیاندووە بۆ هاوکاریکردن بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتییانە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان.
 
سەرۆکی فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات و داوا لە تاران دەکات، مەرجەکانی واشنتن قبووڵ بکات. ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە نووسیویەتی، "زیاتربوونی گرژییەکان بۆ هەمووان مەترسیدارە و دەبێ رابگیرێن. رژێمی ئێران دەبێ بزانێت، ئێستا هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە هاتنە نێو دانوستاندن بە نیازپاکییەوە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، مووشەکە بالیستییەکانی و هەوڵەکانی بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە".
 
سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا داوای دانبەخۆداگرتن لە هەموو لایەنەکان دەکات و داوا دەکەن، پارێزگاری لە گیانی خەڵکی سیڤیل بکەن و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بن.
 
لەلایەکی دیکەوە، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پشتگیری لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکات بۆ هێرشکردنەسەر ئێران و دەڵێت، "هێرشەکە بۆ پێشگرتنە لەوەی ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆم و بەو چەکە، زیاتر ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی".
 
هەروەها ئانتۆنی ئالبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوستراڵیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاویکردەوە، پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە جیهان دا و وڵاتەکەی پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پێشگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە