نەتەنیاهوو: ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکانی ئێرانە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران راگەیاند و گوتی، ئامانجی ئەم هێرشانە کۆتاییهێنانە بە "هەڕەشە"ی دەسەڵاتی ئێران و رەخساندنی دەرفەتێکە بۆ پێکهاتەکانی نێو ئێران، تاوەکو چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە 28ـی شوبات، گوتارێکی بنیامین نەتەنیاهووی بڵاوکردەوە. وێڕای راگەیاندنی دەستپێکردنی هێرشەکە، نەتەنیاهوو سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ "سەرکردایەتییە مێژووییەکەی" لەم ئۆپەراسیۆنەدا کە ناوی نراوە (نەڕەی شێر).

نەتەنیاهوو گوتی، ئەم هەنگاوە بۆ رێگریکردنە لە پڕچەکبوونی تاران بە چەکی ئەتۆمی.

نەتەنیاهوو لە گوتارەکەیدا گوتی، دەیان ساڵە بەرپرسانی ئێران "درووشمی مەرگ بۆ ئیسرائیل و مەرگ بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە؛ خوێنی ئێمەیان رشتووە، زۆرێک لە ئەمریکییەکانیان کوشتووە و گەلی خۆشیان کۆمەڵکوژ کردووە."

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پەیامێکی ئاراستەی پێکهاتەکانی ئێران کرد و گوتی، "کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئێران؛ فارسەکان، کوردەکان، ئازەرییەکان، بەلووچەکان و ئەهوازییەکان تاوەکو کۆت و بەندی ستەمکاری فڕێبدەن و ئازادی و بەها ئاشتیخوازەکان بۆ ئێران بهێنن".

دەقی قسەکانی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل:

برا و خوشکەکانم، هاووڵاتیانی ئیسرائیل، تەنیا کاژێرێک لەمەوبەر، ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێک کرد بۆ لەنێوبردنی ئەو هەڕەشانەی لەلایەن رژێمی تێرۆریستی ئێرانەوە هەیە.

سوپاسی دۆستی گەورەمان، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکەم بۆ سەرکردایەتییە مێژووییەکەی.

47 ساڵە، رژێمی ئایەتوڵڵاکان دروشمی 'مەرگ بۆ ئیسرائیل' و 'مەرگ بۆ ئەمریکا' دەڵێنەوە. ئەوان خوێنی ئێمەیان رشتووە، زۆر ئەمریکییان کوشتووە و گەلەکەی خۆشیان کۆمەڵکوژ کردووە.

قەدەخەیە ئەم رژێمە تێرۆریستە بکوژە خۆی بە چەکی ئەتۆمی پڕچەک بکات، کە رێگەی پێ بدات هەڕەشە لە هەموو مرۆڤایەتی بکات.

ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەمان دۆخێک دەڕەخسێنێت بۆ گەلی ئازای ئێران تاوەکو چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست.

کاتی ئەوە هاتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانی گەلی ئێران؛ فارسەکان، کوردەکان، ئازەرییەکان، بەلووچەکان و ئەهوازییەکان تاوەکو کۆت و بەندی ستەمکاری فڕێبدەن و ئازادی و بەها ئاشتیخوازەکان بۆ ئێران بهێنن.

داواتان لێ دەکەم، هاووڵاتیانی ئیسرائیل، گوێڕایەڵی رێنماییەکانی فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ بن. لە رۆژانی داهاتوودا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی نەڕەی شێر، داوامان لێ دەکرێ دانبەخۆداگرتن و خۆڕاگریی مەعنەوی نیشان بدەین.

پێکەوە دەوەستین، پێکەوە دەجەنگین، و پێکەوە نەمریی ئیسرائیل مسۆگەر دەکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

.

جەنگ دەستیپێکرد؛ ئەمریکا و ئیسرائیل ئێران بۆردوومان دەکەن و ئێرانیش ئیسرائیل و ناوچەکە

کاژێر نزیکەی 09:00ی بەیانیی ئەمڕۆ دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تاران بیستران. دواتر ئەمریکا و ئیسرائیل بە فەرمی هێرشکردنە سەر ئێرانیان راگەیاند. لە وەڵامدا ئێرانیش هێرشی مووشەکیی بۆسەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەستپێکرد