لە چەند شارێکی ئێران خۆپێشاندان کرا و گرژی لێکەوتەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
دووکانداران لە کاتی خۆپێشاندانێکدا دژی بارودۆخی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئێران، بەسەر پردێکدا دەڕۆن لە تاران، 29-12-2025. وێنە: AFP
دووکانداران لە کاتی خۆپێشاندانێکدا دژی بارودۆخی ئابووری و دابەزینی بەهای دراوی ئێران، بەسەر پردێکدا دەڕۆن لە تاران، 29-12-2025. وێنە: AFP
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە چەند شارێكی ئێران خۆپێشاندان و مانگرتن بەڕێوەدەچێ و لە سێ شاری پارێزگاکانی ئیسفەهان و چوارمەحاڵ و بەختیاری، گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان روویدا و هەواڵی کوژرانی سێ کەس لە خۆپێشاندەران بڵاوبووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
 
رۆژی پێنجشەممە لە شارەکانی مەرڤدەشت و فولادشەهری پارێزگای ئیسفەهان، و هەروەها لە شاری لۆردگان لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری، خۆپێشاندان کرا و بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران گازی فرمێسکڕێژ بەکاردەهێنن و تەقە لە خۆپێشاندەران دەکەن؛ هەروەها خۆپێشاندەرانیش رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان بوونەتەوە. 
 
بەپێی ئەو زانیارییانە نافەرمییانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، لە شاری لۆردگان دوو گەنجی 21 و 28 ساڵ و لە فولادشەهریش کەسێک بە ناوی داریوش ئەنساری بە تەقەی هێزەکانی ئێران کوژراون، بەڵام تاوەکو ئێستا گیانلەدەستدانیان بە فەرمی رانەگەیێندراوە.
 
لە تارانیش دوای ئەوەی محەممەدسادق موعتەمدیان، پارێزگاری تاران گوتی، بە هاوکاری پۆلیس ناڕەزایەتیی کاسبکارانیان کۆنترۆڵ کردووە، رۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە لە بازاڕی میوە و سەوزەی شاری تاران خۆپێشاندان بەڕێوەچوو. 
 
هەروەها بەشێک لە دووکان و بازاڕەکانی پایتەختی ئێران رۆژی پێنجشەممە داخران. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا چەندین ڤیدیۆ بڵاوکراونەتەوە لەبارەی بەڕێوەچوونی مانگرتن لە شاری ئیسفەهانیش و دەگوترێ، کاسبکاران بە نیشانەی ناڕەزایی مانیان گرتووە و دووکانەکانیان داخستووە.
 
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، پارێزگارەکان راسپێردراون گوێ لە خواستنی نوێنەرانی پیشەوەران و متمانەپێکراوانی کاسبکاران بگرن، بۆ ئەوەی بڕیاری دروست بدرێ و کێشەکان چارەسەر بکرێن.
 
دوێنێ چوارشەممە لە کوویەشت، کرماشان، ئەراک، ئەسەدئاوای هەمەدان، بابول، رەشت، سەبزەوار و ژمارەیەک شاری دیکە خۆپێشاندان کرا و گرژی لەنێوان خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران روویدا.
 
 لە کوویەشتی لوڕستان، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خەڵک تەقەیان کرد و گازی فرمێسکڕێژ بەکارهات و درەنگانی ئێوارە، لە ئەنجامی ئەو گرژییەدا گەنجێکی 22 ساڵ بە ناوی ئەمیرحیسام خودایاریفەرد گیانی لەدەستدا. سوپای پاسداران دەڵێ، ئەو گەنجە ئەندامی سوپا بووە، بەڵام رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە زاری شایەتحاڵانەوە رەتیدەکەنەوە و دەڵێن، بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراوە.
 
کازم نەزەری، داواکاری گشتیی کوویەشت دەڵێ، شەوی چوارشەممە 20 کەس دەستبەسەر کراون.
 
لە رۆژی یەکشەممەی ئەم هەفتەیەوە، خۆپێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی دۆخی ئابووری و دابەزینی زۆری بەهای تمەن لە تاران دەستیپێکرد و رۆژی سێشەممە و چوارشەممە مانگرتن و ناڕەزایی دەربڕین لە ژمارەیەک شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش روویدا. 
 
حکومەتی ئێرانیش رایگەیاندووە، ناڕەزاییەکە بە فەرمی دەناسێت و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە