رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران داوای کردووە گوێ لە "داواکارییە رەواکان"ی خۆپیشاندەران بگیرێت.
دوو رۆژە کاسبکارانی تاران دووکانەکانیان داخستووە و ناڕەزایەتی بەرامبەر خراپبوونی دۆخی ئابووری و گرانی دەردەبڕن. پزیشکیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، داوای لە وەزیری ناوخۆ کردووە "لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ نوێنەرانیان، گوێ لە داواکارییە رەواکانی ناڕازییان بگرێت، تاوەکو حکومەت بتوانێت بەرپرسیارانە و بە هەموو توانایەوە کێشەکان چارەسەر بکات و وەڵامیان بداتەوە".
ئاژانسەکە لە زاری پزیشکیانەوە دەڵێت: "بژێویی خەڵک خەمی رۆژانەمانە. رێکاری بنچینەییمان هەیە بۆ چاکسازی لە سیستمی نەختینەیی و بانکی. پاراستنی توانای کڕینی خەڵک لە سەرووی کارە لە پێشینەکانمانە".
رۆژی یەکشەممە بەهای ریال ئاستێکی پێوانەیی نوێی بەرامبەر دۆلار تۆمارکرد. بەپێی نرخی بازاڕی رەش، بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە سەرووی یەک ملیۆن و 400 هەزار ریال، لە کاتێکدا ساڵێک لەمەوبەر 820 هەزار ریال بوو.
دابەزینی بەردەوامی بەهای دراو بووەتە هۆی هەڵاوسانی زۆر و ناجێگیریی نرخەکان، بەجۆرێک هەندێک کاڵا رۆژانە بەشێوەیەکی بەرچاو نرخەکەیان بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ