رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی "جەنگێکی هەمەلایەن" بووەتەوە کە لەلایەن ئەمریکا، ئەورووپا و ئیسرائیلەوە لە دژیان بەرپاکراوە.
قسەکانی پزیشکیان رۆژی شەممە و دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ دێت بەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی.
پزیشکیان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتی: "بە بڕوای من، ئێمە لە جەنگێکی هەمەلایەنەداین دژی ئەمریکا، ئیسرائیل و ئەورووپا، ئەوان نایانەوێت وڵاتەکەمان لەسەر پێی خۆی بوەستێت."
رۆژی 28ـی ئەیلوولی رابردوو، بە دەستپێشخەریی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا و دوای شکستھێنانی دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەوە، سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندنەوە.
پزیشکیان گوتیشی: "ئەم جەنگە لەو جەنگە خراپترە کە عێراق دژی ئێمە دەستیپێکرد. ئەگەر بە وردی سەیری بکەین، زۆر ئاڵۆزتر و سەختترە." مەبەستی پزیشکیان جەنگی 1980-1988ـی نێوان عێراق و ئێران بوو کە بووە هۆی کوژرانی سەتان هەزار کەس.
ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات؛ تاران بەردەوام رەتیدەکاتەوە.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2025، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ئێران و جەنگێکی 12 رۆژەی لێکەوتەوە. جەنگەکە دوای هێرشێکی بێوێنەی ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەتۆمییەکان و ناوچە سڤیلەکانی ئێران هەڵگیرسا.
بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئێران، ئەو هێرشانە بوونە هۆی کەوتنەوەی زیاتر لە هەزار کوژراو و بریندار. دواتر ئەمریکا بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکەی کرد و سێ بنکەی ئەتۆمیی بۆردوومان کردن.
بەشداریی واشنتن بووە هۆی وەستانی ئەو دانوستانانەی لە مانگی نیسانەوە لەگەڵ تاران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەستیانپێکردبوو.
لەوەتەی لە مانگی کانوونی دووەمەوە گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سیاسەتی ناسراو بە "ئەوپەڕی گوشار"ی لە دژی ئێران زیندووکردووەتەوە کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا دەستیپێکردبوو.
ئەوەش سزای زیاتری لەخۆگرتووە کە ئامانج لێیان پەکخستنی ئابووریی ئەو وڵاتە و وشککردنی داهاتی نەوتەکەیەتی لە بازاڕەکانی جیهاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ