میدیای ئێران کوژرانی کچ، زاوا و نەوەیەکی خامنەیی پشتڕاستکردەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیپان رۆژهەڵاتی
نیشانەکردن ئێران عەلی خامنەیی
A+ A-
 
رووداو - هەولێر
 
میدیاکانی ئێران گیانلەدەستدانی چەند ئەندامێکی خێزانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پشتڕاستکردەوە.
 
ئاژانسی میهری ئێران لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، دوای بەدواداچوون بۆ شوێنی هێرشەکان، هەواڵی گیانلەدەستدانی کچ، زاوا و نەوەیەکی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پشتڕاستکرایەوە.
 
بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئێرانییەکان، جگە لەو سێ کەسە، یەکێک لە بووکەکانی رێبەری ئێرانیش لە هێرشە ئاسمانییەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026دا گیانی لەدەستداوە.
 
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەناو جەنگێکی سەختدایە؛ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانیان کردووەتە سەر 24 پارێزگای ئێران و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی مانگی سووری ئێرانی، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.
 
هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە سۆشیالمیدیاکەی "کوژران"ی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند، بەڵام میدیای ئێران کوژرانی خامنەیی رەتدەکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە