کچێکی 15 ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان منداڵان فێری خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی دەکات

03-09-2022
رووداو @Rudawkurdish
 کۆرسێکی فێرکردنی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رێزان بایەزیدییەوە
کۆرسێکی فێرکردنی زمانی کوردی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن رێزان بایەزیدییەوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێزان لاوترین وانەبێژی زمانی کوردییە لە شنۆ، رەنگە لە هەموو رۆژهەڵاتی کوردستانیش. رێزان بایەزیدی 15 ساڵان، ئەم هاوینە لە گوندی ئەمیرئابادی شنۆ کۆرسێکی فێرکردنی زمانی کوردی بۆ کچانی خوار تەمەن 12 ساڵ بەڕێوەدەبات. رۆژانە لەنێو شارەوە دەچێتە گوندەکە و لە مزگەوت فێریان دەکات، بە زمانی دایک بخوێننەوە و بنووسن. 
 
رێزان ئەندامی ناوەندی زانستپەروەری بۆ ژیانە. ناوەندی زانستپەروەری چەندین ساڵە کاری کولتووری دەکات و کۆرسی زمانی کوردی بەڕێوەدەبات. دەیان مامۆستای پێگەیاندووە و رێزان بایەزیدیش یەک لەوانە. ئەوەی لەوێ فێربووە، ئێستا خۆبەخشانە بە خەڵکی دەڵێتەوە. 
 
لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان یەک یان چەند ناوەند و ئەنجوومەنی فێرکردنی زمانی کوردی چالاکن. ئەو ناوەند و ئەنجوومەنانە بەشێوەی خۆبەخش یان بە پارەیەکی رەمزی، خوازیارانی فێربوونی زمانی کوردی، لە ئاستی تەمەنیی جیاوازدا پێدەگەیێنن. 
 
زۆربەی ئەو کەسانەی وەکو مامۆستا کۆرسەکانی فێرکردنی زمان و ئەدەبی کوردی بەڕێوەدەبەن، خۆیان هەر لەو کۆرسانەدا فێری زمان و شێوازی وانەگوتنەوە بوون. هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی، کۆرس و خولەکانی فێرکردنی زمانی کوردی، ساڵ بە ساڵ زیاتر پەرەبستێنن و پانتایی چالاکییەکانیان فراوانتر بێت.
 
بەناز حاجی، قوتابییەکە کە لە کۆرسەکەدا بەشداریکردووە و دەڵێت، "ئەم هاوینە هاتووم زمانی کوردی فێربم، ئێستا دەتوانم وانەکان بخوێنمەوە، بنوسمەوە و شیعر بڵێم. سوپاسی مامۆستا رێزان دەکەم و منیش پێمخۆشە وەک مامۆستا رێزان زمانی کوردی بە منداڵان بڵێم. "
 
لەوانەیە هەریەک لەو منداڵانەی لە کۆرسەکاندا بەشدارن لە داهاتوودا، خۆیان وانەبێژێکی زمانی کوردییان لێدەرچێت و خەڵکی دیکەش پێبگەیێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە