عەباس عێراقچی: رۆژی هەینی لە مەسقەت لەگەڵ ئەمریکا کۆدەبینەوە

55 خولەک له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، شاندەکانی تاران و واشنتن لە عومان کۆدەبنەوە و دانوستاندنی ئەتۆمی دەکەن.
 
رۆژی چوارشەممە 04-02-2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئێکس نووسی: "وا بڕیارە رۆژی هەینی کاژێر 10ـی بەیانی [9:00 بە کاتی هەولێر] لە مەسقەت لەگەڵ ئەمریکا دانوستاندنی ئەتۆمی بەڕێوەبچێ."
 
عێراقچی نووسیویەتی: "سوپاسگوزاری دۆستانی عومان کە هەموو ئامادەکارییەکی پێویستیان کردووە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە، چەند کاژێرێکی کەم پێش ئەو پۆستە، چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا رایانگەیاند، پڕۆسەی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست، "ئەوەش دوای ئەوەی واشنتن داواکارییەکانی تارانی بۆ گۆڕینی شوێن و شێوازی کۆبوونەوەکە رەتکردەوە."
 
بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئەمریکی کە قسەیان بۆ ئاژانسی ئەکسیۆس کردبوو، "هەردوو وڵات پێشتر رێککەوتبوون رۆژی هەینی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کۆببنەوە، بە مەرجێک چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک چاودێر بەشدار بن؛ بەڵام رۆژی سێشەممە، ئێرانییەکان داوایەکی نوێیان پێشکێشکرد بۆ گۆڕینی شوێنی کۆبوونەوەکە بۆ عومان."
 
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا بە ئەکسیۆسی گوتووە: "ئێمە بە ئێرانییەکانمان گوت یان لەسەر شێوازە رەسەنەکە (ئیستەنبووڵ و چاودێرەکان) کۆدەبینەوە یان هیچ گفتوگۆیەک ناکەین، ئەوانیش لە وەڵامدا گوتیان: کەواتە هیچ."
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی تەسنیم، میدیایەکی نزیک لە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، بڕیارە رۆژی هەینی دانوستاندنی نێوان تاران و واشنتن لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەبچێت. 
 
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانییەکە دانوستاندنەکان بەشێوەی "ناڕاستەوخۆ" دەبن و تێیدا عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرپەرشتی شاندەکان دەکەن.
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "بابەتی دانوستاندنەکان تەنیا پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران دەبێت."
 
لەلایەکی دیکە، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا لە واشنتن سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران رایگەیاند، "ئەگەر ئێرانییەکان کۆبوونەوەیان دەوێت، ئامادەین". گوتیشی، پێویستە لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی ئەتۆمی ئەو وڵاتە، پڕۆگرامی مووشەکییەکەی و گرووپەکانی نزیک لەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بکرێت. 
 
دەستپێکردنەوەی ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای ئەوە دێت کە پار (نیسان بۆ حوزەیرانی 2025)، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پرۆسەکە شکستی هێنا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد سەعیدینیا، خاوەنی براندێکی بەنێوبانگی شیرینی و زنجیرەیەک کافێ لە ئێران

چارەنووسی بازرگانێکی دیاری ئێران نادیارە؛ سامانەکەی بە 19 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت

ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، دوای ئەوەی مانگی رابردوو بە تۆمەتی پشتگیریکردن لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان و "هاندانی نائارامی" دەستگیرکرا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بازرگانێکی دیاری ئێرانی بەردەوامە