رووداو دیجیتاڵ
ئەسغەر جەهانگیر، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێت، دوای ئەوەی مانگی رابردوو بە تۆمەتی پشتگیریکردن لە خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان و "هاندانی نائارامی" دەستگیرکرا، لێکۆڵینەوە لەگەڵ بازرگانێکی دیاری ئێرانی بەردەوامە.
محەممەد سەعیدینیا، کە خاوەنی براندێکی بەنێوبانگی شیرینی و زنجیرەیەک کافێیە لە ئێران، رۆژی 13ی کانوونی دووەم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی "هاندانی نائارامی" و پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران کە ئێران بەشێکیان بە "ئاژاوەگێڕ" ناودەبات، دەستگیرکرا.
دەستگیرکردنی ئەو بازرگانە وەکو پەیامێک بۆ کەسایەتییە ئابوورییەکانی دیکە لێکدرایەوە، کە لەوانەیە بیر لە پشتگیریکردنی ناڕەزایەتییەکان بکەنەوە. دواتر دەسەڵاتداران فەرمانیان بە دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سەروەت و سامانەکانی کرد.
ئەسغەر جەهانگیر لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەڤانان گوتی، "دۆسیەکەی محەممەد سەعیدینیا هێشتا لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە."
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان دوای ئەو راپۆرتە هەواڵگرییانە دەستیانپێکرد کە ئاماژەیان بەوە کرد سەعیدینیا پشتگیریی دارایی لە خۆپێشاندەران کردووە و رۆڵی هەبووە لە زیادکردنی نائارامییەکان.
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر لە دادگەدا تاوانباربوونی بسەلمێندرێت و دەربکەوێت کردەوەکانی زیانیان هەبووە، نەک هەر رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە،" بەڵکو سەروەت و سامانەکەی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانە بەکاردەهێندرێت.
بەهای سەروەت و سامانەکەی سەعیدینیا رانەگەیێندراوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی فارس کە نزیکە لە سوپای پاسداران، مانگی رابردوو لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، بەهای سامانەکەی "نزیکەی یەکسانە بەو زیانە مادییەی بەر پایتەخت کەوتووە" لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا.
عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران پێشتر رایگەیاند، پایتەخت لە کاتی نائارامییەکاندا تووشی زیانێک بووە کە بە 3 تریلیۆن تمەن (زیاتر لە 19 ملیۆن دۆلار) دەخەمڵێندرێ.
خۆپێشاندانەکان لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی یەکەم بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بژێوی ژیان لە چەند شارێکی ئێران سەریانهەڵدا، بەڵام بە خێرایی فراوان بوون.
دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاندووە، گردبوونەوەکان وەک خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەستیانپێکرد، بەڵام دواتر لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە کە دەسەڵات بە ئاژاوەگێڕ ناویان دەبات، بە لارێدا براون کە کوشتن و تێکدانیان لێکەوتووەتەوە و دەڵێن لەلایەن وڵاتانی وەکو ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هان دراون.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان، حکومەتی تاران دانی بەوەدا ناوە کە زیاتر لە 3,000 کەس لە کاتی نائارامییەکاندا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵی چالاکڤانانی مافی مرۆڤ لە ئێران (هرانا)، گیانلەدەستدانی 6,854 کەس پشتڕاستکراوەتەوە کە زۆربەیان خۆپێشاندەر بوون و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ