راوێژکاریی خامنەیی: دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ یۆرانیۆمی 20%

16 خولەک له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە "دۆخی جەنگی راستەقینە"دایە و ئامادەی هەموو سیناریۆیەکی سەربازییە. دەشڵێت دەکرێت قسە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% بکەن.
 
رۆژی دووشەممە 2ی شوباتی 2026 عەلی شەمخانی، راوێژکاری باڵای عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران رایگەیاند، "شەڕ تەنیا بە تەقەکردن و دەنگی تۆپخانە سنووردار نییە؛ ئێستا ئێران لە بارودۆخی شەڕی راستەقینەدایە و بۆ هەر سیناریۆیەک بە تەواوی ئامادەیە."
 
شەمخانی گوتی، "ئامادەیی سەربازی بە مانای قبوڵکردنی شەڕ دێت، نەک پاڵنانی وڵات بەرەو شەڕ." راشیگەیاند، "دوژمنان ناتوانن ئێران قووت بدەن، چونکە لە ئەزموونەکانی رابردوویان فێر نەبوون."
 
سەبارەت بە چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، شەمخانی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆم بۆ دەرەوە، بەڵکو "دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ پیتاندنی رێژەی 20% و پێویست بە هەنگاوی ئاڵۆز ناکات."
 
هاوکات عەلی باقری کەنی، جێگری سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ هیچ وڵاتێکی دیکە بەشێک نابێت لە دانوستاندنەکان.
 
باقری گوتی، "بەرپرسانی باڵای وڵات خواستی ئەوەیان نییە یۆرانیۆمی پیتنێراو بۆ دەرەوە بگوازرێتەوە و بە هیچ شێوەیەکیش دانوستاندن لەسەر ئەو بابەتە ناکرێت."
 
لێدوانە تووندەکانی شەمخانی و باقری لە کاتێکدان، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کردووە، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی کردووە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە.
 
بە گوێرەی میدیاکانی ئەمریکا بڕیارە رۆژی هەینی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ وێتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئیستەنبووڵ کۆببنەوە.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، "لە کاتێکدا پیاوی جەنگین، هەموو کات پیاوی دیپلۆماسییش بووین."
 
عێراقچی پێیوایە دوای ئەوەی ئەمریکا لە "ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە" (مەبەستی خۆپێشاندانەکانی 28ی کانوونی یەکەمی 2025ـە) شکستی هێناوە، ئێستا باس لە دیپلۆماسی دەکات. وەزیری دەرەوەی ئێران مەرجی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندن خستەڕوو و گوتی، "دەبێت لە روانگەیەکی یەکسان، رێزگرتن و بەرژەوەندیی دوولایەنەوە بکرێت."
 
ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێزێکی زۆری سەربازی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری رەوانەی ناوچەکە کردووە و هەڕەشەی هێرشکردن دەکات ئەگەر دانوستاندنەکان شکست بهێنن.
 
پێشتر لە ساڵی 2025، چەندین گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لە رۆما و مەسقەت بەڕێوەچوون، بەڵام بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئێران و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، گفتوگۆکان بێ ئەنجام کۆتاییان هاتبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە