ئێران و ئەمریکا دانوستاندن دەکەن؛ ویتکۆف چ مەرجێکی داناوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، فەرمانی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە دەست بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکان دەبێت دوور بن لە هەڕەشە و "چاوەڕوانیی نالۆژیکی."
 
پزیشکیان رۆژی سێشەممە 03-02-2026 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی، "فەرمانم بە وەزیری دەرەوە کردووە، بەو مەرجەی ژینگەیەکی گونجاو و دوور لە هەڕەشە هەبێت، دەست بە دانوستاندنی دادپەروەرانە بکات."
 
ئەم لێدوانەى پزیشکیان لە کاتێکدایە، بڕیارە رۆژی هەینی ستیڤ ویتکۆف، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تورکیا کۆببنەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژى دووشەممە 02-02-2026 لە هەڤپەیڤینێکى لەگەڵ میدیای ئەمریکی ئاماژە بەوە کرد، گەیشتن بە رێککەوتنێکی "دادپەروەرانە" لەگەڵ ئەمریکا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی هێشتا کراوەیە.
 
ئێران پێشتر چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دانوستاندن دەکات و بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە باس لە بەرنامە مووشەکییەکەی و تواناکانی بەرگریی وڵاتەکەی بکات.
 
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە کە بە نێوەندگیریی چڕی تورکیا، میسر، عومان و قەتەرە، لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هێزێکی گەورەی دەریایی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناردووە.
 
لە هەمان کاتدا ئەنوەر قارقاش، راوێژکاری سەرۆکی ئیمارات رۆژی سێشەممە، 03-02-2026 لە پەراوێزی لووتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە دووبەی داوای لە تاران کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن رێکبخاتەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ناسەقامگیری رزگار بکرێ و پێکدادانی سەربازی لێ نەکەوێتەوە.
 
ترەمپ رایگەیاندووە کە هیوادارە لەگەڵ تاران بگاتە ئەنجامێک، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە بەبێ رێککەوتن "شتی خراپ" روودەدات.
 
ویتکۆف، رۆژى 15-01-2026 لە کۆبوونەوەیەکدا لە فلۆریدا رایگەیاند، سێ مەرجی سەرەکی بۆ رێککەوتن هەن: گەیشتن بە "سفر پیتاندن"ی یۆرانیۆم، سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی بالیستی و کۆتاییهێنان بە پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا.
 
ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە، لە مانگی حوزەیراندا ئیسرائیل و ئێران جەنگێکی 12 رۆژەیان کرد و لە رۆژانی کۆتاییشدا ئەمریکا سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردوومانکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عەلی شەمخانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی

راوێژکاری خامنەیی: دەکرێت بگەڕێینەوە بۆ یۆرانیۆمی 20%

راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی لە "دۆخی جەنگی راستەقینە"دایە و ئامادەی هەموو سیناریۆیەکی سەربازییە. دەشڵێت دەکرێت قسە لەسەر پیتاندنی یۆرانیۆم بە رێژەی 20% بکەن