رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای پۆلیسی دیپلۆماسی لە تاران بە تێکدانی چالاکانەی دیپلۆماسی ناو دەبات و رایدەگەیێنێت، ئەو جۆرە کارانە پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتین.
پەیامەکەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رۆژی چوارشەممە 4ی ئاداری 2026 بڵاوکرایەوە.
لەبارەی ئامانجی هێرشەکانەوە، ئیسماعیل بەقایی دەڵێت، "هێرشە دڕندانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بارەگای پۆلیسی دیپلۆماسی ئێران لە تاران، کە تەنیا ئەرکیان پاراستنی باڵیۆزخانە بیانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانە لە ئێران، تۆمارێکی تری مەترسیدارە لە مێژووی پڕ لە کێشەی ئەمریکا لە تێکدانی چالاکانەی دیپلۆماسی."
سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دیکەی واشنتن، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم شێوازە پێشتریش روون بووەوە کاتێک ئەمریکا سەروەری و یەکپارچەیی خاکی وڵاتێکی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کرد، نەک جارێک، بەڵکو دوو جار، ئەویش لەکاتی دانوستاندنە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئێران دا."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەقایی جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئەم جۆرە کارانە گوزارشت لە رەتکردنەوەیەکی بەئەنقەستی بنەڕەتیترین بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و رەوشتی سیاسی دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ