ئێران
لە دوای کوژرانی خامنەییەوە، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی بەناوی "ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری" پێکهێنراوە. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران رایدەگەیێنێت، لەگەڵ هەستیاریی دۆخەکە، ئەنجوومەنەکەیان دەستی بە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و دەشڵێت، "سێیەمین رێبەری ئێران کەسێکی بەڕێوەبەر، خاوەن بڕیار و ئازا دەبێت."
موحسین تاهیری، ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لەبارەی هەنگاوەکانیان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ عەلی خامنەیی رایگەیاند: "ئێمە ئێستا لە پرۆسەی هەڵبژاردنی رێبەری نوێداین؛ نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەزایان، سەرەڕای بوونی بارودۆخێکی تایبەت و بە لەبەرچاوگرتنی ئەرکە قورسەکەیان، دەستبەکاربوون بۆ هەڵبژاردنی رێبەری نوێی شۆڕش."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی شارەزایان جەختی لەوە کردەوە کە جێگرەوەی خامنەیی کەسێکی "بەڕێوەبەر، خاوەن بڕیار و ئازا" دەبێت. هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد: "کەسێک وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیمامی موسڵمانان دیاری دەکەین، کە خاوەنی بەرزترین مەرجە پێویستەکان بێت بۆ ئەو پلە پیرۆزە."
ئەم هەنگاوانەی تاران لە کاتێکدان، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، حکومەتی ئێران بەفەرمی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.
لە دوای کوژرانی خامنەییەوە، ئەنجوومەنێکی سێ کەسی بەناوی "ئەنجوومەنی کاتیی رێبەری" پێکهێنراوە، کە تاوەکو هەڵبژاردنی رێبەرێکی نوێ، ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنێت. ئەنجوومەنەکە پێکدێت لە: مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار؛ غوڵامحوسێن موحسینی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی داد؛ لەگەڵ عەلیڕەزا ئەعرافی، ئەندامی فەقیهی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران.
کوژرانی خامنەیی و پرۆسەی گەڕان بەدوای جێگرەوەکەیدا هاوکاتە لەگەڵ جەنگێکی کراوە. لە رۆژی شەممە 28ـی شوباتی 2026ـەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی بەرفراوانیان بۆ سەر ئامانجەکان لە پارێزگاکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە.
لە بەرامبەریشدا، سوپای پاسدارانی ئێران زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچە جیاوازەکانی ئیسرائیل.
پێگەی رێبەر لە دەستووری ئێراندا
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و کارگێڕی وڵاتە. مادەی 107ی دەستووری ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە رێبەر لەلایەن ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەرییەوە دەستنیشان دەکرێت و دەبێت دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە بەدەستبێنێت.
هەروەها مادەی 111ی دەستووری ئێران رێکارەکانی قۆناخی دوای رێبەر دیاری دەکات و دەڵێت، لە ئەگەری کۆچی دوایی، دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی رێبەر، تاوەکو کاتی هەڵبژاردنی رێبەری نوێ، ئەنجوومەنێکی کاتی (سەرۆککۆمار، سەرۆکی دەسەڵاتی داد و یەکێک لە شارەزایانی ئاینی لە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور) سەرجەم ئەرکەکانی رێبەر رادەپەڕێنن.
گرنگترین دەسەڵاتەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
بەپێی دەستووری ئێران، رێبەر کەسی یەکەمی سیاسی و ئیداریی ئێرانە و زیاترین دەسەڵاتی هەیە. بەپێی مادەی 110ـی دەستووری ئەو وڵاتە، گرنگترین دەسەڵاتەکانی ئەمانەن:
- سیاسەتە گشتییەکانی ئێران بۆ نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە دادەنێت و چاودێری جێبەجێکردنیان دەکات.
- فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە.
- دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی گشتپرسی هەیە.
- دەسەڵاتی راگەیاندنی شەڕ و ئاگربەستی هەیە.
- دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری لەژێر دەسەڵاتی رێبەردان.
- کێشە و ناکۆکی نێوان دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری چارەسەر دەکات.
- فەرمانی دەستبەکاربوونی سەرۆککۆمار دەردەکات و دەتوانێ لەسەر کار لایبدات.
- سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دەستنیشان دەکات.
- دەسەڵاتی دەستنیشانکردن و لادانی تەواوی فەرماندە سەربازییەکانی هەیە.
- نیوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دەستنیشان دەکات.
- سەرۆکی رێکخراوی رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەستنیشان دەکات.
- سەرۆک و ئەندامانی کۆڕی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی دیاری دەکات.
- بەرپرسی رێکخراوەکانی ئەوقاف، حەج و زیارەت، کولتوور و دامەزراوەی شەهید و کەمئەندامان دادەنێت.
- سەرۆک و بەڕێوەبەری 16 دامەزراوە و ناوەندی ئایینی، ئابووری و کولتووری دادەنێت.
- دەسەڵاتی تەواوی بەسەر جومگە سەرەکییە ئابوورییەکاندا هەیە.
- دەتوانێت بڕیاری لێبووردنی گشتی بۆ سزادراوان دەربکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ