رووداو دیجیتاڵ
لە هەورامانی تەخت رێوڕەسمی کۆمسای بەڕێوەچوو کە رێوڕەسمێکی کۆمەڵایەتی و کولتوورییە و لە 45ـەمین رۆژی بەهار بەڕێوەدەچێت. لە رێوڕەسمەکەدا زیکر و نزا دەکرێت و دەف لێدەدرێت. گەشتیاران بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکەدا سەردانی هەورامان دەکەن.
رێوڕەسمی کۆمسای هەموو ساڵێک 45 رۆژ دوای نەورۆز لە نێوەڕاستی بەهار بەڕێوەدەچێت. رێوڕەسمێکی کۆنە و مێژووی بەڕێوەچوونی بۆ سەدان ساڵ پێش دەگەڕێندرێتەوە. پێشتر ئەو رێوڕەسمە لە دەورووبەری مەزاری پیرشالیار بەڕێوەدەچوو، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر تێیدا بەشدار دەبن، گۆڕەپانێکی تایبەتی لەنێو شارۆچکەی هەورامان تەخت بۆ دابینکراوە.
لە رێوڕەسمی کۆمسای، زیکر و نزا دەکرێت، دەف لێدەدرێت و هۆنراوە دەخوێندرێتەوە. هەروەها رێوڕەسمێکی تایبەتی تێدایە بە ناوی بەرد شکاندن. بەردێکی نێو مەزاری پیرشالیار دەشکێندرێت و خەڵک پارچەیەک لە بەردە شکاوەکە لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە و وەکو شتێکی پیرۆز هەڵیدەگرن. ئەو بەردە بۆ ساڵی داهاتوو وەکو خۆی لێدێتەوە.
ساڵانە لە هەورامان دوو رێوڕەسمی گەورە بەڕێوەدەچن. کۆمسای و پیرشالیار. پیرشالیار لە چلەی زستان و کۆمسای لە نێوڕاستی بەهارە. بۆ هەر دوو رێوڕەسمەکە، گەشتارێکی زۆر دەچنە هەورامان. لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کۆمسای، پێشانگەی پیشە دەستییەکانی هەورامانیش دەکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ