ئێران دەڵێت بڕیاری قەدەخەکردنی گەشتی هاووڵاتییان بۆ ئەمریکا "رەگەزپەرستانەیە"

07-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران سەرکۆنەی بڕیارێکی بەرپرسانی واشنتن بۆ رێگەنەدان بە گەشتکردنی هاووڵاتییانی 12 وڵات بۆ ئەمریکا دەکات، کە یەکێکیان ئێرانە.
 
عەلیڕەزا هاشمی رەجا، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێرانییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ئەو هەنگاوە "ئاماژەیەکی روونی زاڵبوونی عەقڵیەتێکی باڵادەستخواز و رەگەزپەرستانەیە لەنێو سیاسەتداڕێژەرانی ئەمریکا."
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "ئەو بڕیارە ئاماژەیە بە دووژمنکاریی قووڵی بڕیاربەدەستانی ئەمریکا بەرامبەر گەلی ئێران و موسڵمانان."
 
4ی حوزەیران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد کە گەشتکردنی هاووڵاتییانی 12 وڵاتی بۆ ئەمریکا قەدەخە کرد، بڕیارە رۆژی 9ی حوزەیران ئەو بڕیارە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ئەو 12 وڵاتەی بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ دەیانگرێتەوە بریتین لە ئێران، ئەفغانستان، یەمەن، لیبیا، سوودان، سۆماڵ، میانمار، چاد، کۆماری کۆنگۆ، گینیای ئیستوایی، ئەریتریا و هایتی.
 
لەکاتی راگەیاندنی بڕیارەکەدا سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو بڕیارە بۆ پاراستنی ئەمریکا لە تیرۆریستانی بیانی پێویستە."
 
هاوکات حکومەتی ئەمریکا رێکارەکانی گەشتکردن بۆ هاووڵاتییانی 7 وڵاتی دیکەش سنووردار دەکات کە بریتین لە برۆندای، کوبا، لاوس، سیرا لیۆن، تۆگۆ، تورکمەنستان و ڤەنزوێلا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە