هێزە چەکدارەکانی ئێران: لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا کاردانەوەمان زۆر تووند دەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل، دەڵێت، لە ئەگەری هەر هەڕەشەیەکدا کاردانەوەیان زۆر تووند و فراوانتر دەبێت.
 
رۆژی سێشەممە، 10ـی شوباتی 2026، دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بۆنەی 47مین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لەو وڵاتە و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا دەڵێت، بە تووندی وەڵامی هەر هەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدەنەوە.
 
دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەڵێت، هەر لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل رێگەی دوژمنایەتیان گرتەبەر و بە هەموو شێوەیەک گوشاریان خستە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دووژمنان، بە تایبەت ئەمریکا و رژێمی زایۆنی، هەرچەندە گوشارەکانیان زیاتر کرد، رووبەڕووی ئێرانێکی بەهێزتر و خۆڕاگرتر بوونەوە."
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "کۆماری ئیسلامیی ئێران چەندین جار پێشانی داوە لەپێناوی ئامانجە بەرزەکانی و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیدا، بە تووندی و بەهێزەوە لە بەرامبەر هەر جۆرە هەڕەشە، پیلانگێڕی و زیادەڕەوییەکدا دەوەستێ و بە وەڵامێکی تووندتر و بەرفراوانتر رووبەڕووی هەڕەشەکان دەبێتەوە."
 
لە لایەکی دیکەوە، عەبدولڕەحیم مووسەوی، سوپاسالاری ئێران رایگەیاند، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکان لەگەڵ ئەمریکا، هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هەر بارودۆخێک ئامادەن.
 
راگەیێندراوی دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 6ـی شوباتی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندن لەنێوان تاران و واشنتن، سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەچوو و هەردوو لایەن کۆکن لەسەر ئەوەی دانوستاندنەکان بەردەوام بن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە