رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەڵێت، پێویستە ئەمریکییەکان هۆشیار بن و رێگە نەدەن ئیسرائیل رۆڵی تێکدەرانە لەو کەشەدا بگێڕێت ئێستا هاتووەتە ئاراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی شوباتی 2026، عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "ئێستا نەتەنیاهوو لە رێگەیە بۆ ئەمریکا. پێویستە ئەمریکییەکان ژیرانە بیربکەنەوە" و رێگە نەدەن کاریگەری لەسەر دانوستاندنەکانی نێوان تاران و واشنتن هەبێ، کە سەرنجیان لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمییە.
ئەمڕۆ سێشەممە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ ئەمریکا لە فڕۆکەخانە بە رۆژنامەڤانانی گوت، "لەم گەشتەدا باس لە کۆمەڵێک پرس دەکەین؛ غەززە و دۆخی ناوچەکە، بەڵام بێگومان یەکەم و گرنگترین بابەت دانوستاندنەکان دەبێت لەگەڵ ئێران. دیدگەی خۆمان سەبارەت بە بنەماکانی ئەو گفتوگۆیانە دەدەینە سەرۆک ترەمپ."
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتن هەینی رابردوو گەڕێکی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان ئەنجامدا. وەک بەرپرسانی ئێران دەڵێن، دانوستاندنەکە تایبەت بوو بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی وڵاتەکەیان، نەوەک پرسی مووشەکەکانیان و ئەو گرووپە چەکدارانەی لێیانەوە نزیکن.
ئەمڕۆ عەلی لاریجانی سەردانی مەسقەت، پایتەختی عومانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ