دادی ئێران: دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان بەر لێبووردنی گشتی ناکەون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایدەگەیێنێت، ناوی دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکان لەنێو لیستی لێبووردنی گشتیی عەلی خامنەییدا نابێت و فەرمانی کردووە ناوی ئەو کەسانە لە لیستەکە دەربهێندرێت.
 
ساڵانە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەبۆنەی ساڵڤەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامییەوە، لێبووردن بۆ ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانە دەردەکات کە لەنێو گرتووخانەکاندان.
 
رۆژی دووشەممە 9-2-2026، سەرۆکی دەسەڵاتی دادی ئێران رایگەیاند: "ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو ناوی بەندکراوان لە لیستێکدا ئامادە دەکرێت و دەینێرین بۆ رێبەری باڵا، بۆ ئەوەی رەزامەندی لەسەر بدات."
 
سەبارەت بەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا دەستگیرکراون، موحسینی ئیژەیی دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا و رووداوەکانی ئەم دواییە، فەرمانم کردووە ناوی سەرجەم ئەو کەسانەی کە بە هەر شێوەیەک پەیوەندییان بە بابەتی ئاسایشییەوە هەیە، لە لیستی لێبووردنەکان لاببرێن."
 
موحسینی ئیژەیی جەختیشی کردەوە کە "تۆمەتباران و سزادراوانی ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە ناخرێنە ناو لێخۆشبوون و لێبووردنەکەوە."
 
ساڵانە لە چەند بۆنەیەکی جیاوازدا عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لێبووردنی گشتی بۆ هەزاران بەندکراو دەردەکات، کە ناوەکانیان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دیاری دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، 47ـەمین ساڵڤەگەری سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و بڕیارە بەو بۆنەیەوە ژمارەیەک بەندکراو بەر لێبووردنی گشتیی خامنەیی بکەون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە