رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی و ئەنجوومەنە کرێکارییەکانی ئێران، بەرزبوونەوەی نرخی بەرهەمەکانی شیر بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی ئەو خێزانانەی بە رۆژانە یان مووچەی مانگانەی کرێکاری و فەرمانبەری دەژین، چیدیکە نەتوانن شیرەمەنییەکان بکڕن.
نرخی بوتڵێک شیری یەک لیتری لە سەرەتای ئەم ساڵی هەتاویدا نزیکەی 30 هەزار تمەن بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە نزیکەی 86 هەزار تمەن و رۆژ بە رۆژیش زیاتر بەرز دەبێتەوە. نرخی بەرهەمەکانی شیریش بەو رێژەیە یان زیاتر بەرز بووەتەوە.
بەهۆی بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکانیان، تێکڕانی خواردنەوە و خواردنی شیر و بەرهەمەکانی لە ئێران دابەزیوە. بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، تێکڕای بەکارهێنانی شیرەمەنییەکان لەو وڵاتە بۆ هەر کەسێک 70 کیلۆگرامە، بەڵام بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، هەر کەسێک ساڵانە دەبێ لانیکەم 160 کیلۆگرام شیر و بەرهەمەکانی بەکاربهێنێت.
چینەکانی خوارووی کۆمەڵگە لە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەت کرێکاران. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە 14 ملیۆن کەس بە داهاتی کرێکاری دەژین و ئەم ساڵ مووچەی کرێکاران بەراورد بە پار 45٪ بەرز کراوەتەوە، لە کاتێکدا رێژەی هەڵاوسانی خواردەمەنییەکان سەرووی 100٪ـە.
عەلی ئەسلانی، سکرتێری ناوەندی ئەنجوومەنە ئیسلامییەکانی کار لە پارێزگای ئەلبورز بە ئاژانسی کاری ئێران، ئیلنای راگەیاندووە، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانیان و کەمبوونی داهاتی مانگانەیان، شیرەمەنییەکان و دانەوێڵە بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر سفرەی خێزانی کرێکاران کەمبووەتەوە.
ئەو چالاکڤانە کرێکارییە دەڵێت، کرێکارێکی خێزانداری کرێچی بە چەندین ساڵ ئەزموونی کارکردن ئەوپەڕی مانگانە 20 ملیۆن تمەن (کەمتر لە 170 دۆلار) داهاتی هەیە، کە تەنیا بەشی دابینکردنی پێداویستییەکانی 10 رۆژی ژیانی دەکات. داواش لە بەرپرسانی ئێران دەکات، بە کرێکاران بڵێن، 20 رۆژەکەی دیکە چۆن بژین.
شیر و بەرهەمەکانی سەرچاوەی سەرەکیی کالسیۆمن و کەمبوونەوەی کالسیۆم کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دەبێت.
ئەحمەد ئیسماعیلزادە، بەڕێوەبەری نووسینگەی باشکردنی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران دەڵێت، کەمبوونەوەی خواردنی شیر و بەرهەمەکانی کاریگەری قەرەبوونەکراوی لەسەر تەندروستیی منداڵان، ژنانی دووگیان و بەساڵاچووان دەبێت.
بە گوتەی ئیسماعیلزادە، 800 هەزار منداڵ لەو وڵاتە کە دەکاتە 15٪ـی کۆی منداڵان لە ئێران، لە ساڵانی رابردوودا کێشەی بەدخۆراکییان هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ