عێراقچی: ئەوەی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بەدەستمانهێنا زیاتر بوو لەوەی لە 4 ساڵی ئیدارەی بایدن کرا

08-07-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێ، تاران هێشتا بڕوای بە چارەسەری دیپلۆماسی و دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا هەیە، بەڵام گومانیشیان هەیە.
 
رۆژی سێشەممە، 08ی تەممووزی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گوتارێکدا لە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی نووسی، پێش هێرشەکانی ئیسرائیل، تاران و واشنتن نزیکبوون لە گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام ئەو هێرشە هەموو پرۆسەکەی تێکدا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا دۆخەکە بەو جۆرە دەبینرێ کە ئیدارەی ترەمپ خزمەتکردنی ئیسرائیلی خستوەتە سەروو خزمەتکردنی ئەمریکا. 
 
عێراقچی نووسیویەتی: "من و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا تەنیا لە 5 کۆبوونەوەدا لە 9 هەفتەدا زیاتر لەوەمان بەدەستهێنا کە لە چوار ساڵی دانوستاندنی ئەتۆمیدا لەگەڵ ئیدارە شکستخواردووەکەی بایدن بەدەستم هێنا. ئێمە لە لێواری پێشکەوتنێکی مێژوویی بووین. بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەوەی کە ئێران رەنگە رۆژێک لە رۆژان بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەکەی بەلاڕێداببات، گفتوگۆی ورد و راشکاوانەمان کرد، کە داهاتووی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانیشی لەخۆدەگرت. چەندین بیرۆکە بۆ چارەسەرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لادا بێت پێشکێشکران، چ لەلایەن هەردوو لاوە و چ لەلایەن عومانیشەوە." 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "سەرنجمان خستە سەر کۆتاییهێنان بە سزاکان و بەشداریی ئەمریکا لە هاوکاریی ئابووریی بەرفراوان کە دەرفەتێکی یەک ترلیۆن دۆلاری پێکدەهێنا. ئێران کراوە بوو بۆ هەر هاوکارییەک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت و ببێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی ئێران." 
 
عێراقچی باس لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە بەرەبەیانی رۆژی 13ـی حوزەیرانی رابردوو دەکات و دەڵێت: "ئیسرائیل هێرشێکی بێ پاساوی بۆ سەر وڵاتەکەم دەستپێکرد. جگە لە دامەزراوە ئەتۆمییە پارێزراوەکان، خانوو، نەخۆشخانە، ژێرخانی وزەی سەرەکیمان، تەنانەت زیندانەکانیشی بۆردوومان کرد؛ هەروەها کوشتنی ترسنۆکانەی کەسانی ئەکادیمی و خێزانەکانیان. ئەمە ناپاکییەکی گەورە بوو لە دیپلۆماسی. هێرشە سەرەڕۆییەکە پەیامێکی روون و ئاشکرا بوو؛ ئیسرائیل ناکۆکی لە چارەسەر پێ باشترە."
 
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو پێشکەوتنەی لە گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا بەدەستهاتبوو، تێکدرا و دەڵێت: "ئەوە لەلایەن ئێرانەوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن هاوپەیمانێکی رووکەشی ئەمریکاوە بوو." 
 
دواتر عێراقچی رایدەگەیەنێت لە رۆژانی رابردوودا ئێران پەیامی پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکات رەنگە ئەمریکا ئامادە بێت بگەڕێتەوە بۆ دانوستاندن، بەڵام دەنووسێت: "چۆن دەتوانین متمانە بە دانوستاندنی دیکە بکەین؟ ئێران لە ساڵی 2015 لەگەڵ 6 وڵات، بە ئەمریکاشەوە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی گشتگیری واژۆ کرد، کە واشنتن سێ ساڵ دواتر بە شێوەیەکی تاکلایەنە هەڵیوەشاندەوە.  دوای رەزامەندی لەسەر دانوستاندنی نوێ بە نیازپاکی، بینیمان کە وەڵامی نیازپاکییەکەمان بە هێرشێک لەلایەن دوو سوپای خاوەن چەکی ئەتۆمییەوە درایەوە." 
 
عێراقچی دەڵێ، "ئێران هێشتا ئارەزووی دیپلۆماسییەت دەکات، بەڵام هۆکاری باشمان هەیە بۆ گومانکردن لە گفتوگۆی زیاتر. ئەگەر ئارەزوویەک هەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی دۆستانە، دەبێت ئەمریکا ئامادەیی راستەقینەی خۆی بۆ رێککەوتنێکی دادپەروەرانە نیشان بدات؛ هەروەها پێویستە واشنتن بزانێت کە کردارەکانی لە چەند هەفتەی رابردوودا دۆخەکەی گۆڕیوە." 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران لەکۆتایی گوتارەکەیدا دەڵێت، "بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوە" لە کردەوەدا دەشێوێندرێت بۆ "ئیسرائیل لەپێش هەموو شتێکەوە". لەگەڵ ئەوەش رێگەی بەرەو ئاشتی پێویستی بەوەیە ئەمریکا دان بەو راستییەدا بنێت کە گفتوگۆی رێزدارانە، نەوەک زۆرلێکردنی بێباکانە، تاکە رێگەی بەردەوامە بۆ پێشەوە. هەڵبژاردنەکە هی ئەمریکایە. ئایا ئەمریکا لە کۆتاییدا دیپلۆماسییەت هەڵدەبژێرێت یانیش لە شەڕی کەسێکی دیکەدا تێوەدەگلێت؟" 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە