خاوەن پشکەکانی بۆرسەی ئێران لە تاران ناڕەزایی دەردەبڕن

09-07-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دابەزینی بەهای پشکەکانی بۆرسەی ئێران بەردەوامە و بەشێک لە خاوەن پشکەکان دژی رێگریی لە بردنە دەرەوەی سەرمایەکانیان لە بازاڕی بۆرسەی ئێران ناڕەزایی دەردەبڕن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە ژمارەیەک لە خاوەن پشکەکانی بۆرسەی ئێران دژی بەردەوامی دابەزینی پێوەری گشتی و دابەزینی بەهای پشکەکان و هەروەها رێگریکردن لە بردنەدەرەوەی سامانەکانیان لەو بازاڕە، لە بەردەم باڵەخانەی سەرەکیی بۆرسە لە تاران ناڕەزاییان دەربڕی.
 
ئەوان هەوڵیان دا بچنە نێو باڵەخانەکە و لە ژوورەوە ناڕەزایی دەرببڕن، بەڵام وەکو لە ڤیدیۆکاندا دەبیندرێ، رێگرییان لێدەکرێت. خاوەن پشکە ناڕازییەکان دەڵێن، لە جێگەی ئەوەی قازانج بکەن، خەریکە سامانەکەیان لەدەست دەدەن.
 
بەشێک لە میدیاکانی ئێران رەتیانکردووەتەوە گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین لە بەردەم بۆرسەی ئێران روویدابێت و دەڵێن، هەواڵ و ڤیدیۆکە ناڕاستە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە کە دوایین رۆژی کارکردنی هەفتانەی بازاڕی بۆرسەی ئێرانە، پێوەری گشتیی بۆرسەی ئێران زیاتر لە 21 هەزار خاڵی دیکە دابەزی. دابەزینی پێوەری گشتیی بۆرسە بە واتای بردنەدەرەوەی سەرمایەیە لەو بازاڕە و فرۆشتنی پشکەکانیان لە لایەن خاوەن پشکەکانەوە.
 
لە شەممەی هەفتەی رابردووەوە، دوای دوو هەفتە داخران بە هۆی شەڕ، بازاڕی بۆرسەی ئێران کراوەتەوە، پێوەرە گشتییەکان و بەهای پشکەکان بەردەوام دادەبەزن. هەفتەی رابردوو بازاڕەکە 295 هەزار خاڵی لەدەستدا و خاوەن پشکەکان بە بەهای زیاتر لە 28 تریلیۆن تمەن یان 304 ملیۆن دۆلار، سەرمایەکانیان لەو بازاڕە بردە دەرەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە