ئەمریکا تاوەکو ئێستا هێرشیکردووەتە سەر 3000 ئامانج لە ئێران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران، رۆژی هەینی بە دەیان بنکەی سەربازی و ئەمنی و دادوەریی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لە رۆژی 6ی ئادار دا زیاتر لە 400 ئامانجیان بۆردوومان کردووە و هێرشەکانیان بەردەوام دەبن. هەروەها ئەمریکا لە ماوەی حەوت رۆژدا هێرشیکردووەتە سەر 3000 ئامانج لەنێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دا.
 
وەکو رۆژانی رابردوو، لە حەوتەمین رۆژی شەڕ دا، زیاترین هێرشەکان لەسەر تاران و دەورووبەری بوون. 
 
رۆژی هەینی 6ی ئاداری 2026 لەنێو شاری تاران، باڵەخانەی ژمارە دووی دەسەڵاتی دادوەری، دادگەی تایبەت بە فەرمانبەرانی حکومی و هێزە سەربازییەکان، بەشی هەواڵگریی دەسەڵاتی دادوەری، ناوەندی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، دوو بنکەی پۆلیس و لە نزیک گۆڕەپانی (ئازادی)ـی ئەو شارە، بنکەیەکی گەورەی بەسیج بۆردوومان کران. 
 
هەر لە تاران، هێرشکرایە سەر سەربازگەی (ئیمام عەلی) و زانکۆی (ئیمام حوسێن)ـی سوپای پاسداران لە ناوچەی (حەکیمییە) کە سەربازگەیەکی گرنگی راهێنانی سەربازییە. لە گۆڕەپانی (ئەرتەش)ـی تارانیش، شوێنێک بۆردوومان کرا.
 
لە ناوچەی (بید گەنە)ـی سەر بە شاری مەلارد لە پارێزگای تاران، بنکەیەکی سەربازی بۆردوومان کرا. هەروەها ئامانجێک لەنێو  کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی لەسەر رێگەی تاران-  کەرەجیش بۆردوومان کراوە. لە (شارۆچکەی بیعسەت)ـی کەرەجیش شوێنێکی سەربازی کرایە ئامانج.
 
کاژێر 5:30ـی بەیانی رۆژی هەینی، نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە. تاوەکو ئێستا بەرپرس و دامەزراوە فەرمییەکانی ئێران هیچیان لەوبارەوە رانەگەیاندووە، بەڵام گوتەبێژی فارسی زمانی سوپای ئیسرائیل دەڵێت، بە 50 فڕۆکە هێرشیان کردووەتە سەر نووسینگەی رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران. دەشڵێت، ژێر نووسینگەکە، پەناگەیەکی گەورەیە و دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، بەرپرسانی دیکەی ئێران بەکاریان هێناوە بۆ ئەوەی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پارێزراوبن. 
 
جگە لە تاران، لە چەندین پارێزگای دیکەی ئێرانیش، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە فڕۆکە، مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئامانجەکانیان.
 
بەرەبەیانی هەینی لە پشت (شارۆچکەی هێزی دەریایی) بەندەر عەباس چەند ئامانجێک بۆردوومان کران.
 
هەروەها لە بەندەری لەنگە لە پارێزگای هورموزگان لە باشووری ئێران، ناوچەیەکی سەربازیی سوپای پاسداران و دوو کۆگەی گەورەی سووتەمەنی لە نزیک فڕۆکەخانە کرانە ئامانج.
 
لە پارێزگای خوزستان، شەوی هەینی چەند ئامانجێک لەنێو شاری ئەهواز بۆردوومان کران. هەروەها رۆژی هەینیش، ناوچەی رۆستەم ئاباد سەر بە شاری رامهۆرمۆز، بنکەی (لەشکری 92)ـی ئەرتەش و چەند بنکەی دیکەی ئەمنی و سەربازی لەنێو شاری ئەهواز، بنکەی هێزی ئاسمانیی (وەحدەت)ـی ئەرتەش لە شاری دێزفوول و ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری ئەندیمێشک کرانە ئامانج.
 
پێشنیوەڕۆی هەینی، فڕۆکەخانەی مەشهەدیش بۆردوومان کرا.
 
لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات، هێرشکرایە سەر چەند ئامانجێکی سەربازی لە دەوروبەری شاری تەورێز، کۆگەی تەقەمەنیی سەربازگەی ئەرتەش لە شاری عەجەب شێر و ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لە شاری مەلکان.
 
لە شاری (رێزوانشەهر) لە پارێزگای گیلانی باکووری ئێران، بە مووشەک لە چوار بنکەی ئەمنی و سەربازی درا. لە شاری رەشتی ناوەندی ئەو پارێزگایەش، لانیکەم دوو ئامانجی سەربازی بۆردوومان کراون.
 
لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، جارێکی دیکە بنکەی سەربازیی (ئیمام عەلی) لە بەندەری چابەهار بۆردوومان کرایەوە.
 
لە شاری بووشێهر لە باشووری ئێران، جارێکی دیکە بە درۆن هێرش کرایە سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە شارەکە.
رۆژی هەینی لە پارێزگای ئیسفەهانیش، بنکەیەکی هێزی ئاسمانیی سەر بە ئەرتەشی ئێران لە شاری ئیسفەهان و ئۆتۆمبێلێکی تایبەتی هەڵدانی مووشەک لە شاری شاهرود بۆردوومان کران. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی شەممەش دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیک شاری نەتەنزی ئیسفەهان بیستراوە. وێستگەیەکی ئەتۆمی و بنکەیەکی بەرگری ئاسمانیی ئێران لە نزیک ئەو شارەن.
 
 لە شاری شیرازی پارێزگای فارس، بە مووشەک لە بنکەیەکی سیستمی بەرگری ئاسمانیی سوپای پاسداران درا.
 
لە شاری قوم دوو بنکەی سەربازی بۆردوومان کران. پارێزگاری قوم رایگەیاند، ئەو دوو ناوەندە سەربازییە لە دەرەوەی شاربوون و بە درۆن هێرشیان کراوەتەسەر، بەڵام مانگی سووری شارەکە ڤیدیۆیەکی رزگارکردنی خەڵکی بڵاوکردووەتەوە کە دەردەکەوێت، بۆردوومانەکە لەنێو شار بووە.
 
سوپای ئیسرائیل ئێوارەی هەینی رایگەیاند، رۆژی هەینی هێرشیانکردووەتە سەر زیاتر لە 400 ئامانج لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران و بەتایبەت بنکەکانی هەڵدانی مووشەک و شوێنەکانی دروستکردن و کۆگەکردنی درۆنیان کردووەتە ئامانج. راشیگەیاندووە، هێرشەکانیان بەردەوام دەبن.
 
هەروەها فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند تائێستا هێرشیان کردووەتە سەر 3000  ئامانج لەنێوخۆی ئێران ، هەروەها لە دەریادا هێرشیان کردووەتە سەر 43  کەشتیی ئێرانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی بۆردوومانی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی میهرئاباد لە تاران

تاران بە چڕی بۆردوومان کرا

میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، چەند ناوچەیەکی جیاواز لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای تارانی پایتەخت رووبەڕووی هێرشێکی چڕی ئاسمانی بوونەتەوە و دەنگی تەقینەوەی بەهێز دەبیسترێت