رووداو دیجیتاڵ
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی پەلەوەری ورمێ کە مریشکەکان گۆشتی یەکدی دەخۆن، کاردانەوەی لێکەوتەوە. ڤێتەرنەریی ورمێ دەڵێی: ئەمە نەخۆشییەکە بە ناوی کانیبالیسم، بەڵام مەترسی بۆ تەندروستیی مرۆڤ نییە.
غوڵامڕەزا مەلەکی، جێگری ڤێتێرنەری ورمێ رایگەیاند: "ئەمە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی نییە و هۆکارەکەشی بۆ خراپ بەخێوکردنی مریشک دەگەڕێتەوە کە مریشکەکان تووشی سترێس دەبن، بەم هۆیەشەوە هەڵسوکەوتیان تووندوتیژ دەبێت و دەست بە خواردنی خۆیان یان خواردنی مریشکەکانی دیکە دەکەن".
خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکە دەڵێت ماوەی 24 ساڵە کێڵگەی پەلەوەری هەیە و شتی لەم جۆرەی نەدیوە. ئەو دەڵێت: "ئەو ئالیکەی دەیدەینە مریشکەکان کێشەی هەیە و سۆدیۆمی کلۆراید و پرۆتینی تێدانییە".
بە گوتەی خاوەن کێڵگە سەرەتا چەند مریشکێک بریندار دەبوون و بەخێرایی لە کێڵگەکە دەهێندرانە دەرەوە، بەڵام دواتر فریانەدەکەوتن، چونکە رۆژانە مریشکەکان نزیکەی 300 مریشکیان دەخوارد، بەجۆرێک تەنیا ئێسکەکەیان دەمایەوە.
ڤێتەرنەری ورمێ دەڵێت: ئەمە رووداوە تەنیا لە یەک کێڵگەی پەلەوەردا روویداوە، بەڵام خاوەن کێڵگەکە دەڵێت: ئەگەری کەمە ئەم دیاردەیە تەنیا لە ورمێدا روویدابێت و مریشکی ئەو کێڵگانەش دەخرێنە بازاڕەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ