لە ئێران پێدانی دەرمان بە ناوەندەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر رادەگیرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئێران پێدانی دەرمان بە ناوەندەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەری راگرتووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دەرمانێکی سەرەکیی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر لەو ناوەندانە دەستنەکەوێت.
 
ئەو کەسانەی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر لە ئێران چارەسەر دەکەن، دەڵێن دەرمانی پێویستیان نییە بۆ چارەسەرکردنی گیرۆدەبووان.
 
ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی ناوەندەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر لە تاران لە بەردەم باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستیی ئێران گردبوونەوە و رایانگەیاند، دەرمانی 'ئاگۆنیست تینکچێرئێپیۆم' نادرێتە ناوەندەکانی وازهێنان کە دەرمانێکی سەرەکییە بۆ چارەسەرکردنی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر.
 
عەلی ئەحمەدی، جێگری سەرۆکی سەندیکای چارەسەرکەرانی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر لە تاران بە میدیاکانی راگەیاند، نزیکەی یەک ملیۆن کەس لە ئێران جۆرە دەرمانێکی تایبەتی وازهێنان لە مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن، بەڵام لە زیاتر لە 15 پارێزگا کێشەی کەمیی ئەو دەرمانە هەیە و ئەوش بووەتە هۆی ئەوەی ئەو نەخۆشانەی خوویان بە بەکارهێنانی دەرمانەکە گرتووە، تووشی نائارامی ببن و هەڵسوکەوتی مەترسیدار بکەن.
 
جێگری سەرۆکی سەندیکای چارەسەرکەرانی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر لە تاران دەشڵێت، حکومەت پێدانی پشکی دەرمان بە ناوەندەکانی وازهێنان لە مادەی هۆشبەری راگرتووە. ئەو ناوەندانەی پشکی دەرمانیان راگیراوە، تایبەتن و کەسێک کە دەچێتە ئەو ناوەندانە بۆ وازهێنان لە مادەی هۆشبەر دەبێ پارە بدات.
 
بەپێی ئاماری ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئێران، لەو وڵاتە 2.8 ملیۆن کەس بە بەردەوامی و نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دیکەش بە شێوەی جاروبار مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە