قالیباف: نەتەنیاهوو ترەمپی فریوداوە بۆ دەستپێکردنی جەنگ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە زنجیرە پۆستێکدا لە ئێکس هێرشی تووندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و رایگەیاند، ترەمپ لە لایەن بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بۆ ناو ئەم جەنگە کێشکراوە.
 
رۆژی هەینی 13-03-2026 قالیباف لە پۆستەکەیدا نووسی، "نەتەنیاهوو ترەمپی فریوداوە بۆ دەستپێکردنی ئەم جەنگە و ئێستا ترەمپ لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودا کار دەکات." ئەم لێدوانەی قالیباف ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تاران پێیوایە بڕیارەکانی واشنتن لەم ململانێیەدا لە ژێر کاریگەریی راستەوخۆی ئیسرائیلدان.
 
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە، بەهۆی ئەو "تاوانە گەورەیەی" ئەمریکا و ئیسرائیل کردوویانە، تاران چیدی "هیچ جیاوازییەک لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رژێمی زایۆنی (ئیسرائیل) ناکات."
 
قالیباف لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی لەسەر بەردەوامبوونەی رووبەڕووبوونەوە کردەوە و گوتی، "جەنگ بەردەوام دەبێت تاوەکو هاوکێشەکانی دووژمن دەگۆڕدرێن و ناچار دەکرێن پەشیمان ببنەوە."
 
جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران چووەتە نێو سێیەمین هەفتەیەوە. موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی وڵاتەکە داوای لە هێزە چەکدارەکان کردووە بەردەوام بن لە هێرشەکانیان بۆ سەرهێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە