ئێران
دوای هێرشێکی ئێران، ئاگر لە شوێنێکی ناوەندی ئیسرائیل کەوتووەتەوە. وێنە: REUTERS/Gideon Markowicz
رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەستپێکردنی شەپۆلی 47ـەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق"ـی راگەیاند و دەڵێت، لە رێگەی چەندین مووشەکی بالیستییەوە، چەندین ئامانجیان لە ئیسرائیل، قەتەر و هەرێمی کوردستان پێکاوە.
بەپێی راگەیێندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، قۆناخی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی "وەعدی سادق" بە کۆدی "یا رەسوڵوڵڵا (د.خ)" دەستیپێکردووە. سوپای پاسداران دەڵێت، ئەم هێرشانە وەک وەفایەک بۆ "هەردوو فەرماندە نەسیرزادە و شەمخانی" کراون.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان لە رێگەی مووشەکی "خەیبەرشکن" (سووتەمەنی رەق) و مووشەکی "قەدر" (سووتەمەنی شل) کراونەتە سەر بیابانی نەقەب، بئرالسەبع و بنکەی ئاسمانیی "نەواتیم" لە ئیسرائیل. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە شاری "لۆد" کراوەتە ئامانج.
بەشێکی دیکەی هێرشەکان، بنکەی ئاسمانیی "العدید"یان لە قەتەر کردووەتە ئامانج، کە شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی ئەمریکایە لەو وڵاتە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، سوپای پاسداران رایدەگەیێنێت کە بارەگاکانی کۆمەڵەیان لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کردووەتە ئامانج، کە لە راگەیێندراوەکەی سوپای پاسداران بە "مەیدانی جوداخوازان" ناوی هێناون.
هاوپەیمانیی سیاسیی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیان کردەوە، کە رۆژی هەینی بارەگایەکی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کراوە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە گیانیان لە دەستداوە.
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، کە هێرشەکان "بە سەرکەوتوویی" ئامانجەکانیان پێکاوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زانیاریی ورد لەبارەی قەبارەی زیانە گیانی و ماددییەکان بڵاونەکراوەتەوە و دەڵێت: "دواتر زانیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ