وەزیری دەرەوەی ئێران: هێرشەکانی رژێمی زایۆنی راگەیاندنی جەنگە

13-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی هێرشەکانی بەرەبەیانی رۆژی هەینی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نامەیەک بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش دەنێرێت و داوایان لێدەکات هەڵوێستیان بەرامبەر بەو ‌هێرشانەی ئیسرائیل هەبێت کە ژمارەیەک بەرپرسی باڵای سوپای پاسداران و ئێرانی کردە ئامانج.
رۆژی هەینی. 13ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل نامەیەک ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و تێیدا رایدەگەیەنێت دەبێت ئەو رێکخراوە تاوتوێی ئەو هێرشانە بکات و داواش لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات هەڵوێستێکی بەپەلەی هەبێت. 
وەزیری دەرەوەی ئێران لە نامەکەدا، ئاماژەشی بەوە کردووە کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران "راگەیاندنی جەنگە." 
لەو نامەیەدا کە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردووەتەوە، عێراقچی "داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە دەستبەجێ چارەسەری ئەم پرسە بکات."
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات ئیسرائیل بەو هێرشانە هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە نەدات هێرشەکەی بۆ سەر ئێران بەبێ سزا تێپەڕێت.
عێراچی لەدرێژەی نامەکەی دا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئێرانە، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی و بە پشتبەستن بە پەیڕەوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تووندی سەرکۆنەی ئەم داگیرکارییە بکات و رێوشوێنی دەستبەجێ و روون بگرێتەبەر بۆ لێپرسینەوە لە ئیسرائیل."
لە کۆتایی نامەکەیشیدا وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری داوە و رایگەیاندووە ئیسرائیل بەرامبەر بەم هێرشانەی، "وەڵامێکی تێکشکێنەری پێدەگاتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە