رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەمڕۆ سێشەمە، لە سێدارەدانی کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی بەتۆمەتی سیخوڕی راگەیاند.
گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاشکرایکرد، کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری وڵات، دوای تۆمەتبارکردنی بە سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لەسێدارە داوە.
غولام حوسێن ئیسماعیلی، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، ئاشکرایکرد عەلیرەزا ئەسغەری کە کارمەندی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئێران بووە، زانیاری لەسەر پرگرامی مووشەکسازیی ئێران، بە ئاژانسی سی ئای ئەی فرۆشتووەتەوە و بەو هۆیەوە هەفتەی رابردوو لە سێدارە دراوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە ئەنجامدانی لە سێدارەدانی "نادادپەروەرانە" تۆمەتبار دەکرێت. دەگوترێ ئەو دەزگایە بۆ جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان، پەنا دەباتە بەر تۆمەتەکانی کارکردن بۆ ئەمریکا و دەوڵەتانی دیکە.
ئێران بەپێشەنگی وڵاتانی جیهان دادەنرێت، لە فەرمانکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لە سێدارەدانی ساڵانەدا.
شەممەی رابردوو پارێزەرانی سێ ئێرانیی کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی نۆڤێمبەری رابردوودا کردبوو، ئاشکرایانکرد بریکارەکانیان بەناوەکانی ئەمیر حوسێن، محەمەد رەجەبی و سەعید تەمجیدی، لەلایەن دادگاوە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.
بابەک باک نیای پارێزەری یەکێک لە سزادراوەکان، هەواڵی دەرچوونی سزای لەسێدارەدانەکەی بۆ هەرسێ تۆمەتبارەکە پشتڕاستکردەوە.
ئەو دادگایەی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی دەرکردووە، بەسەرپەرشتی ئەبوو قاسم سەڵاواتی دادوەر، بڕیارەکانی داوە کە ناوی لەلیستی ئەمریکادا هەیە، لە تۆمەتبارکردن بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و دادگاییکردنی نا دادوەرانە و رووکەشانە، لەپێناو خزمەتگەیاندن بە ئامانجەکانی دەسەڵاتدارانی سیاسی لە ئێراندا.
هەروەها بەپێی هەواڵی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، شەوی رابردوو دوو گیراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ رەسوڵزادە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارەدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ