ئێران هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی هەموو وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپای خستە لیستی تیرۆرەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 ئێران رایگەیاند، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی سەرجەم وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپای خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
 
رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا، بە پێچەوانەی بنەما و یاسا بنەڕەتییەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "حکومەتی ئێران بەپێی بنەمای مامەڵەی هاوشێوە و ماددەی 7ی یاسای (رێوشوێنی بەرامبەر دژی راگەیاندنی سوپای پاسداران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی لەلایەن ئەمریکاوە) کە ساڵی 2019 پەسەند کراوە، ئەم بڕیارەی داوە."
 
بەپێی ئەو یاسایە، "هەر وڵاتێک پەیڕەوی بڕیارەکەی ئەمریکا بکات یان بە هەر شێوەیەک بێت بۆ ناساندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست پاڵپشتی لێ بکات، رووبەڕووی مامەڵەی هاوشێوە دەبێتەوە؛ بۆیە هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەورووپا دەکەونە چوارچێوەی ئەم یاسایە و وەک رێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنرێن."
 
تاران دەڵێت سوپای پاسداران هێزێکی فەرمیی وڵاتە و بەرپرسە لە پاراستنی سەروەریی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. هەروەها وڵاتانی ئەورووپای بە "دووڕوویی" تۆمەتبار کردووە کە باس لە مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام پەیڕەوی سیاسەتی "شەڕخوازانەی" ئەمریکا دەکەن.
 
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا رۆژی ١٩ی شوبات بە فەرمی بە تیرۆرست پۆڵێنکردنی سوپای پاسدارانی پەسند کرد، دوای ئەوەی لە 29ی کانوونی دووەم وەزیرانی دەرەوە لەسەری رێککەوتبوون. بەپێی بڕیارەکە:
 
سامان و سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسداران لە ئەورووپا سڕ دەکرێن.
قەدەخەیە هیچ دامەزراوەیەکی ئەورووپی پارە یان سەرچاوەی دارایی بداتە ئەو هێزە.
 
بەمەش سوپای پاسداران دەچێتە پاڵ لیستی سزاکانی تیرۆری یەکێتییەکە، کە ئێستا 13 کەس و 23 قەوارەی دیکە لەخۆدەگرێت.
 
ئەم هەنگاوە گرژییەکانی نێوان تاران و برۆکسلی زیاتر کردووە، کە پێشتر بەهۆی دۆسیەی مافی مرۆڤ، بەرنامەی ئەتۆمی و ناردنی چەک بۆ رووسیا لە جەنگی ئۆکراینادا ئاڵۆز بوو. سوپای پاسداران لە ساڵی 2019ـەوە لەلایەن ئەمریکاوە سزای لەسەرە، بەڵام بڕیارەکەی ئەورووپا گۆڕانکارییەکی یاسایی و سیمبوولی گەورەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دراوی ئێران (تمەن)

لە پاوە مانگانە 50 ملیار تمەن دەدرێتە 24 هەزار خێزان

لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای رێکخستنەوەی بازرگانیی سنووری، مانگانە بڕی 50 ملیار تمەن دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی 24 هەزار خێزانی شاری پاوە؛ قائیمقامی شارەکەش دەڵێت: "پێشبینی دەکەین ساڵی داهاتوو بڕی پارەکە زیاد بکات."