رووداو دیجیتاڵ
ئێران رایگەیاند، لەگەڵ چین و رووسیا کار دەکات بۆ رێگری لە گەڕانەوەی سزاکانی ئەورووپا لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ئەمەش دوای ئەوەی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا هەڕەشەی سەپاندنەوەی ئەو سزایانەیان کرد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، "هەوڵدەدەین رێگریی لێبکەین." گوتیشی، "لەگەڵ چین و رووسیا کار دەکەین بۆ راگرتنی. ئەگەر ئەمە سەرکەوتوو نەبوو و ئەوان سزاکانیان سەپاند، ئێمە ئامرازی وەڵامدانەوەمان هەیە. لەکاتی گونجاودا باسیان دەکەین."
سێ دەوڵەتە ئەورووپییەکە، کە بە گرووپی (E3) ناسراون، رۆژی چوارشەممە بە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان راگەیاند، ئامادەن سزاکان بەسەر تاراندا بسەپێننەوە، ئەگەر تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب هیچ چارەسەرێکی دیپلۆماسی نەدۆزرێتەوە.
هەر سێ وڵاتەکە واژۆکاری رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 بوون، کە بەهۆیەوە سزاکان لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا هەڵگیران. رێککەوتنەکە، کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا کۆتایی دێت، میکانیزمێکی "گەڕانەوەی خێرا" (snapback) لەخۆدەگرێت کە رێگە بە گەڕاندنەوەی سزاکان دەدات.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپەکە لە نامەکەدا نووسیویانە، "روونمان کردووەتەوە، ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت تاوەکو کۆتایی ئابی 2025 بگاتە چارەسەرێکی دیپلۆماسی، یان دەرفەتی درێژکردنەوەکە نەقۆزێتەوە، گرووپی سێ ئامادەیە میکانیزمی گەڕانەوەی خێرا کارا بکات."
رێککەوتنی 2015، کە بە پلانی گشتگیریی کاری هاوبەش (JCPOA) ناسراوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018، لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییدا لێی کشایەوە و سزای تووندی سەپاندەوە، داڕما.
وڵاتانی ئەورووپی هەوڵیاندا رێککەوتنەکە بهێڵنەوە، لە کاتێکدا ئێران لە سەرەتادا پابەندی مەرجەکان بوو، بەڵام دواتر دەستیکرد بە زیادکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم.
ئەم ساڵ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلدا بەشداریی لە بۆردوومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێراندا کرد. ئیسرائیل هێرشەکانی دەستپێکرد، لە کاتێکدا واشنتن و تاران هێشتا لە گفتوگۆی ئەتۆمیدا بوون، کە لەو کاتەوە دەستیان پێنەکردووەتەوە. ئێران دوای هێرشەکان، سەرجەم هاریکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) راگرت.
عێراقچی مانگی رابردوو لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندبوو، وڵاتانی ئەورووپی مافی یاساییان نییە سزاکان بگەڕێننەوە. لە بەرامبەردا، وەزیرە ئەورووپییەکان ئەو بانگەشەیەیان بە "بێ بنەما" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ