رووداو دیجیتاڵ
بڕێکی زۆری زبڵ لە شاری قەسری شیرین، کە یەکێک لە دەروازەکانی رۆیشتن و گەڕانەوەی زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن بوو، کەڵەکە بووە. زیارەتکارە شیعەکان لەو رێگەیەدا هەرچەند توانیویانە، خواردوویانە و زبڵەکەیان لە رێگەی رۆیشتنیان بەرەو سنوور فڕێداوە. زبڵ تەنیا لەسەر رێگەکان نییە، بەڵکو با بردوویەتیە نێو ماڵانیش.
ژینگەپارێزێک دەڵێت، "زیارەتکارە بەڕێزەکان کە دێنە سنووری خوسرەوی ئەم هەموو زبڵە فڕێدەدەن. ئێمە گرووپێکی ئۆگری ژینگەین، هاتووینەتە ئێرە و ئازار دەچێژین. تکایان لێدەکەم ئەم کارە نەکەن."
بەپێی راپۆرتی قەرارگەی ئەڕبەعینی پارێزگای کرماشان، لە دەروازەی سنووریی خوسرەوییەوە 500 هەزار کەس چوون بۆ زیارەت و 200 هەزار کەسیش لەو رێگەیەوە گەڕاونەتەوە. ئەو خەڵکە زۆرە لە چەند رۆژێکدا هاتووچۆیان کرد.
ژینگەپارێزێکی دیکە گلەیی لە زیارەتکارانی شیعە هەیە و دەڵێت، "زبڵی زۆریان لێرە فڕێداوە. بۆ ئەندامەکانی ئێمە ئەستەمە کۆی بکەنەوە. کۆکردنەوەی زبڵ هونەر نییە، بەڵکو فڕێنەدانی هونەرە."
حکومەتی ئێران هەموو ساڵێک دەیان کرێکاری شارەوانی رەوانەی شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەکات بۆئەوەی زبڵی زیارەتکارەکان کۆبکەنەوە و ئەو شارانە خاوێن بکەنەوە.
بەپێی راپۆرتی پۆلیسی کۆچ و پاسپۆرتی ئێران، ئەمساڵ چوار ملیۆن و 40 هەزار زیارەتکار چوون بۆ زیارەت، حکومەتی ئێران ئەوە وەکو رێپێوانێک بۆ پشتگیری لە خۆی لە قەڵەم دەدات.
بەڵام خەڵکی ئەو شارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەم زیارەتکارانە پێیدا هاتووچۆ دەکەن، گلەیی دەکەن کە زیارەتکارەکان لەڕووی ئابوورییەوە قازانج بەو شارانە ناگەیێنن، بەڵکو هاتووچۆی زۆر رێگەکان قەرەباڵخ دەکەن، رێگەکان بەهۆی هاتووچۆی زۆرەوە تێکدەدەن و ژینگەی شارەکانیش پیس دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ