رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەرپرسانی حکومەت و بازرگانانی ئێرانی، تاران خوازیارە دراوی ئەلیکترۆنی بەکاربهێنێت بۆ کارە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی بریکس، ئەمەش بۆ خۆدەربازکردن لەو سزایانەی ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەسەریدا سەپاندوویانە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیای ئەمریکا، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بلاک چەین کە تایبەتە بە دراوە ئەلیکترۆنییەکان و لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت رایگەیاند، دراوی ئەلیکترۆنی یانیش "کریپتۆکەرەنسی" رێگەیەکی نوێیە بۆ بازرگانیکردن و مامەڵە نێودەوڵەتییەکان.
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران لەو کۆنفرانسەدا، رایگەیاند، "دەمانەوێت ئێران ببێتە ناوەندێکی هەرێمایەتی و تەنانەت جیهانیش لە بواری تەکنەلۆژیای دراوی ئەلیکترۆنی و بازرگانی دیجیتاڵی."
لە مانگی ئابی 2025، هەریەک لە وڵاتانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا میکانیزمی گەڕانەوەی سزاکانیان بۆ سە ر ئێران دەستپێکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ زیادبوونی چالاکییەکانی ئێران بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی دەستگەیشتنی بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران.
ئەمریکا لە ساڵی 1979ـوە ئاستی جیاوازی سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە. یەکێک لە کاریگەرییە سەرەکییەکانی سزاکان ئەوەیە، ئێران لە سیستمی پارەدانی نێودەوڵەتی SWIFTی ئەمریکا دابڕێندراوە.
قالیباف جەختی لەوە کردەوە، ئەوان دەیانەوێت لەگەڵ ئەو وڵاتانە کاری بازرگانی بکەن، کە بە دراوی دیجیتاڵی مامەڵە دەکەن و گوتیشی "ئەوە بۆ ئێمە پێویستییە."
سەرۆکی پەرلەمان ئاماژە بەوەش دەکات، تێکەڵکردنی دراوی ئەلیکترۆنی پێویستی بە تەکنەلۆژیای گونجاو و پێشکەوتوو هەیە و حکومەتی ئێران کاری لەسەر دەکات.
قالیباف دەڵێ، "پەرلەمانی ئێران ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن لەگەڵ ئەکادیمیست و توێژەران و بازرگانانی ئەو بوارە رادەگەیێنێت و دەمانەوێت زۆرترین وەبەرهێنان لە دراوی دیجیتاڵدا رابکێشین."
پوریا ئاستراکی، سەرۆکی لووتکەی کۆنفرانسی دراوی ئەلیکترۆنی لەبارەی ئەو سیاسەتە نوێیەی ئێران رایگەیاند، "کریپتۆکەرەنسی وەک شێوازێکی لامەرکەزی پارە، ئامرازێکی تەکنەلۆژیایە بۆ بەدەستهێنانی داماڵینی دۆلار، یان دوورکەوتنەوە لە دۆلاری ئەمریکی وەک دراوی سەرەکیی نێودەوڵەتی."
ئەستێراکی گوتیشی، "کریپتۆ کەرەنسی شێوازێکی لامەرکەزی پارەیە و نابێت لەلایەن هیچ حکومەتێک یان بلۆکێکی سیاسییەوە بەڕێوە ببرێت. ئەمە یەکەم ئامرازی تەکنەلۆژیایە بۆ داماڵین یان دوورکەوتنەوە لە دۆلار. مەبەستی رێکخراوی بریکس ئەوەیە جیهان لەدەست دۆلار رزگار بکات و رۆڵی دۆلار کەم بکاتەوە."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار هۆشداری داوە بە وڵاتانی ئەندام لە بریکس، واز لە بیرۆکەی دروستکردنی دراوی بریکس و دوورکەوتنەوە لە دۆلار بهێنن و هەڕەشەشی لێکردوون لە ئەگەری هەنگاوی لەوجۆرە پێناسی گومرگی قورسیان بەسەردا دەسەپێنێت.
لەدوای هەڕەشەکانی ترەمپ، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان هەڵوێستی وڵاتەکەی لەو بارەیەوە روونکردەوە و رایانگەیاند، "داماڵینی دۆلار بەشێک نییە لە ئەجێندای دارایی هیندستان".
لەبارەی سیاسەتە نوێیەکەی ئێران، لەبارەی دراوی دیجیتاڵییەوە، ئیحسان مەهدیزادە، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دامەزرێنەری کۆمپانیای "واڵێکس ئێران"، گەورەترین ئامرازی ئاڵوگۆڕی دراوی ئەلیکترۆنی لە ئێران لەو کۆنفرانسەدا رایگەیاند، "ژینگەیەکی یاسایی شەفاف نییە بۆ گەشەکردنی دراوی ئەلیکترۆنی یان کریپتۆ کەرەنسی لە ئێراندا. هێشتا دەسەڵاتداران نەگەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی باش لە تەکنەلۆژیای دراوی ئەلیکترۆنی."
مەهدیزادە دەڵێ، "ئێمە لە سیستمی پارەدانی سویفت دابڕاوین، بۆیە رەنگە کریپتۆ کەرەنسی بتوانێت لەوڕووەوە یارمەتیدەر بێت و دراوی دیجیتاڵی یەکێکە لە رێگەکان بۆ تێپەڕاندنی سزاکان."
ئێستا بانکی ناوەندیی ئێران تاکە رێکخەری بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکانە لەو وڵاتە. ئەو بانکەش چەندین کۆتوبەندی لەمامەڵەکردن بەو دراوەوە داناوە، لەوانەش؛ قەدەخەکردنی ئاڵوگۆڕکردنی تمەنی ئێرانی بۆ دراوی ئەلیکترۆنی. هەرچەندە دەسەڵاتدارانی رێگەیان بە ماکینەی دروستکردنی دراوی ئەلیکترۆنیان داوە، بەڵام ئێستا سیاسەتمەداران خەریکی پلانێکن بۆ چۆنێتی رێکخستنەوەی دراوی ئەلیکترۆنی لە ئێران.
شەمسدین حوسەینی سەرۆکی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوەدا، "ئەو ئەنجوومەنەی بۆ نەهێشتنی سپیکردنەوەی پارە پێکهێنرابوو، بەکارهێنانی دراوی ئەلیکترۆنیشی قەدەخە کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ