ئێران: سەرۆکی نوێی قاعیدە لەلای ئێمە نییە

17-02-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیکردەوە سەرۆکی نوێی رێکخراوی قاعیدە لە وڵاتەکەیان بێت، ئەمە دوای ئەوەی ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاندبوو، ئەو رێکخراوە سەرۆکی نوێی دیاریکردووە و سەرۆکە نوێیەکەشیان نیشتەجێی ئێرانە.
 
رۆژی پێنجشەممە 16ی شوباتی 2023، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر زانیارییەکانی واشنتنی سەبارەت بە سەرۆکی نوێی قاعیدە رەتکردەوە و رایگەیاند، "ئەوە دوورە لە راستییەوە." 
 
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، سەیف ئەلعەدل کە سەرکردەیەکی رێکخراوەکەیە، بە رەگەز میسرییە و ئێستاش بووەتە کەسی یەکەمی قاعیدە، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆشکی سپی، سەیف ئەلعەدل نیشتەجێی ئێرانە. 
 
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران ئەو زانیاریانەی ئەمریکای رەتکردەوە و لە تویتەر نووسیویەتی: "ئامۆژگاریم بۆ بەرپرسانی کۆشکی سپی ئەوەیە کە گەمەی ئێرانفۆبیا رابگرن.  هەواڵ دروستکردن دەربارەی سەرکردەی قاعیدە و بەستنەوەی بە ئێران، کارێکی پێکەنیناوییە." 
 
حکومەتی ئەمریکا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری کردووەتە پاداشت بۆ ئەوەی زانیاریی سەبارەت بەو سەرکردەیەی قاعیدە بدات. بەگوێرەی دوایین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، زانیارییەکانی ئەمریکییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاندووە، سەیف ئەلعەدل "سەرکردەی بێ رکابەری"، قاعیدەیە. 
 
ئەلعادل لە تشرینی دووەمی 1998، لەلایەن دادگەیەکی ئەمریکییەوە، تاوانبار کرا بەوەی رۆڵی هەبووە لە دوو هێرشە تیرۆریستییەکەی باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا کە بووە هۆی کوشتنی 224 کەس و برینداربوونی 5 هەزار کەسی دیکە. 
 
ئەلعادل پێش ئەوەی بچێتە ریزی رێکخراوی قاعیدەوە پلەی کۆلۆنێلی هەبووە لە سوپای میسر و دواتر بووەتە سەرکردەیەکی قاعیدە. بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا عادل رووی کردووەتە ئێران و لە باشووری رۆژئاوای ئەو وڵاتە ژیاوە و "لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پارێزراوە." 
 
لە نیسانی 2003، سەیف و چوار سەرکردەی دیکەی رێکخراوی قاعیدە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە مانەوەی ناچارییان بەسەردا سەپێنرا و دواتر ئازادکران لەبەرامبەر ئازادکردنی دیپلۆماتکارێکی ئێرانی کە لە یەمەن رفێنرابوو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە