چیرۆکی عومەر لە مەریوان؛ لە کۆڵبەرییەوە بۆ دروستکردنی پەیکەر لە داری سووتاو و وشکبوو

17-10-2021
رووداو @Rudawkurdish
عومەر پزشکییان لەکاتی کارکردندا
عومەر پزشکییان لەکاتی کارکردندا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

عومەر پزشکییان لە دارستانەکانی دەوروبەری مەریواندا بەدوای کۆلکە داری سووتاو و وشکبوودا دەگەڕێت. ئەو پێشتر کۆڵبەر بووە، لە رێگەی کۆڵبەریدا داری وشک و سووتاو دەبینێت و بیرۆکەی ئەوە بە مێشکیدا دێت کە گیانی هونەری بکاتە بەر دارە سووتاو و وشکبووەکاندا. سێ ساڵە ئەو کارە دەکات و بەشێک لە بژێویی ژیانیشی بەوە دابین دەکات.
 
ئەو کۆلکە دارەکان دێنێتە نێو کارگەیەکی بچووک و بە سەرەتاییترین ئامێرەکان، دەیانکاتە پەیکەری سەرنجڕاکێش. سەرەتا جۆری پەیکەرەکە دیاریدەکات، دواتر نەخشەکەی دادەڕێژێت و بە خواستی کڕیار یان ئارەزووی خۆی دەست بە تاشین و رێکوپێککردنی دەکات.
 
چیرۆکی پەیکەرتاشبوونی عومەر پزشکییان جیاوازە لە خەڵکی دیکە، ئەو دەیەوێت پەیکەرەکانیشی هەر بەو شێوەیە بن و تەنیا بۆ جوانی بەکارنەیەن. بە پەیکەرەکانی پەیامی جیاواز بە بەردەنگەکانی دەگەیێنێت، لە رێزگرتن لە مافی ژنان و یەکسانیی رەگەزییەوە تاوەکو ژینگەپارێزی.
 
عومەر دانیشتووی گوندی کۆڵانی مەریوانە، تاوەکو ئێستا نێوبانگی بەرهەمەکانی هەر لەو ناوچەیە گەڕاوە. هیوای ئەوەیە بتوانێت پێشانگەیەک بۆ خستنەڕووی بەرهەمەکانی بکاتەوە و لەو رێگەیەوە، پەیامی پەیکەرەکانی بە خەڵکێکی زیاتر بگەیێنێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە