عەباس عێراقچی: ئەورووپییەکان دەڵێن وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتی هەموو دەسەڵاتی ئێران ناکات

19-09-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، بە پاڵپشتی هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی پڕۆژەیەکی داوەتە ئەورووپا بۆ رێگەگرتن لە کاراکردنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، ناسراو بە سناپ باک، بەڵام پڕۆژەکەیان پەسند نەکردووە بە پاساوی ئەوەی، وەزیری دەرەوە نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەی سیاسیی ئێران ناکات.
 
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ هەینی بابەتێکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و دەڵێت، پێنجشەممە پڕۆژەیەکی داوەتە هاوتا ئەورووپییەکانی تاوەکو پێش لە روودانی کارەساتێکی ناپێویست لە رۆژانی داهاتوودا بگیرێت، بەڵام لە جێگەی ئەوەی بڕواننە نێوەڕۆکی پڕۆژەکە، ئێرانیان رووبەڕووی کۆمەڵێک پاساو و بەلاڕێدابردن کردووەتەوە، وەکو ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران نوێنەرایەتیی تەواوی پێکهاتەی سیاسیی وڵاتەکە ناکات.
 
عێراقچی بە ئاماژەدان بە قسەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەبارەی پڕۆژەکەی ئێران دەڵێت، ماکرۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بزانن هەموو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی ئێران، لەنێویاندا ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکە پاڵپشتیی لێ دەکەن. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵ ببینێت و دیپلۆماسی بکاتە جێگرەوەی رووبەڕووبوونەوە؛ دەشڵێت، مەترسی لە باڵاترین ئاستی خۆی دایە.
 
بە گوتەی عێراقچی، وڵاتەکەی ئامادەبووە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆم بکات لەبارەی چاودێریکردنی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی و پێشنیازێکی داهێنەرانە، دادپەروەرانە و هاوسەنگی داوەتە ئەورووپا، جێبەجێکردنی پێشنیازەکەش دەتوانێت رێگە لە روودانی قەیران بگرێت.
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا عێراقچی نووسیویەتی، ئێران ناتوانێت تەنیا یاریزانی ئەو یارییە بێت و تەواوی بەرپرسیارێتییەکان هەڵبگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە