ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران: لە خۆپێشاندانەکاندا 3117 کەس کوژراون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیلا ئەسعەد
ژیلا ئەسعەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران وردەکاریی رووداوەکان و خۆپێشاندانەکانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆپێشاندانەکان لە ناڕەزایەتیی ئاشتیانەوە گۆڕان بۆ "تیرۆری رێکخراو" و بەهۆیانەوە زیاتر لە سێ هەزار کەس کوژراون.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران لەبارەی رووداوەکانی ئەمدواییە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە. تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای "جەنگی سەپێندراوی 12 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل" و بەرەنگاربوونەوەی ئێران، "دووژمنان تاکتیکی خۆیان گۆڕیوە و لەبەر ئەوەی نەیانتوانیوە بە ئامرازی سەربازی ئێران تەسلیم بکەن، هەوڵی تێکدانی یەکڕیزیی کۆمەڵگەیان داوە."
 
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەرەتا ناڕەزایەتییەکان لەلایەن کاسبکاران و بازاڕییەکانەوە لە چەند شارێک بەشێوەی "ئاشتیانە" بوون و سەرۆککۆمار راستەوخۆ گوێی لە نوێنەرەکانیان گرتووە و فەرمانی بە پۆلیس کردووە دان بەخۆیاندا بگرن، بەڵام دواتر "رێکخراوەکانی ئاژاوەگێڕی" رێڕەوی گردبوونەوەکانیان گۆڕیوە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران دەڵێت، لە دوای هەشتی کانوونی دووەمی 2026، خۆپێشاندانەکان بەرەو تووندوتیژی رۆیشتوون و زیان بە وڵات گەیشتووە و "ئامانجی گرووپەکان کوشتن و تێکدانی ئاسایشی شارەکان بووە.
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت: "تیرۆریستان زیانیان بە بازاڕ، بانک، مزگەوت، حوسێنییەکان، ئەمبوڵانس و گواستنەوەی گشتی گەیاندووە." هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات "تاوانی هاوشێوەی داعش وەکو سووتاندنی خەڵک، سەربڕین و بەکارهێنانی چەکی گەرم روویانداوە."
 
سەبارەت بە ئاماری قوربانییان، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران رایگەیاندووە، لە کۆی  (3117) کە لەو رووداوانەدا کوژران، "دوو هەزار و 427 کەسیان خەڵکی بێتاوان و هێزە ئەمنییەکان و پارێزەرانی ئاسایش بوون." 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ئاماری قوربانی و دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، کوژرانی چوار هەزار و 519 کەس پشتڕاستکراوەتەوە و بەدواداچوون بۆ کوژرانی زیاتر لە 9 هەزار و 49 کەسی دیکەش دەکرێ.
 
سەبارەت بە بریندارەکان، هرانا دەڵێ، 5 هەزار و 811 کەس بریندار بوون و برینی بەشێکی بەرچاویان سەختە.
 
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، تاوەکو ئێستا 26 هەزار و 314 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون و میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش دانپێدانانی زۆرەملێی 167 کەسیان بڵاوکردووەتەوە.
 
خۆپێشاندانەکانی ئێران لە 28ی کانوونی یەکەمی 2025 دژی گرانی و دابەزینی بەهای تمەن لەلایەن کاسبکارانی تارانەوە دەستیپێکرد و دواتر گەیشتە پارێزگاکانی دیکە و تووندوتیژی لێکەوتەوە.
 
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێرانیش دووشەممەی ئەم هەفتەیە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و سێ هەزار و 709 کەس لە هێزەکانی پۆلیس، بەسیج، سوپا و ئیتلاعات لە ناڕەزاییەکاندا برینداربوون.
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، لە خۆپێشاندانەکاندا زیان بە 250 قوتابخانە، 300 مزگەوت، 90 مەڵبەندی زانستیی شیعە و هەروەها دوو هەزار و 221 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە