فەرماندەی پۆلیسی ئێران: هەر جۆرە بەزاندنێکی سنوورەکانی وڵات بە گوللە وەڵام دەدرێتەوە

11-03-2026
جووتیار قارەمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، لەم دۆخی جەنگدا فەرمانی تەقەکردنیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دزەکان و هەر جۆرە بەزاندنێکی سنوورەکانی وڵات دەرکردووە. هەروەها هۆشداریش دەداتە ئەوانەی لە نێوخۆدا دژی دەسەڵات دەوەستنەوە و رایدەگەیێنێت کە سزای قورس چاوەڕێیان دەکات.
 
سەردار ئەحمەد رەزا رادان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پۆلیسی ئێران، لە لێدوانێکی نوێدا تیشکی خستە سەر رەوشی ئەمنیی نێوخۆ و سنوورەکانی وڵاتەکەی و رایگەیاند: "هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە سەرجەم سەنگەرەکان دا بە چەک و کەرەستەی پێویستەوە ئامادەن، فەرمانیان پێکراوە هەر جۆرە هاتووچۆیەک و بەزاندنێکی سنوور تەنیا بە گوللە وەڵام بدەنەوە."
 
ئەحمەد رەزا رادان ئاماژەی بە رۆڵی دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان کرد و گوتی: "خەڵکی کوردستان و سیستان و بەلوچستان شانبەشانی هێزەکانی بەسیج وەستاون و ئەو پەیامەیان داوە، ئەگەر هەر کەسێک  لە سنوورەکان هەڵەیەک بکات، بە تووندی وەڵامی دەدەینەوە. لەم چەند رۆژەدا سنوورەکانمان سەقامگیری و ئاسایشێکی زیاتریان بە خۆوە بینیوە."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا فەرماندەی پۆلیسی ئێران باسی لە رەوشی ئەمنیی نێوخۆی شارەکان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم گۆڕەپان و شەقامەکان لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و بەسیجەوە کۆنترۆڵ کراون. رادان هۆشداری دا: "ئەگەر کەسێک بۆ پاڵپشتیی دوژمن بێتە سەر شەقامەکان، هەمان ئەو مامەڵەیەی لەگەڵدا دەکەین کە لەگەڵ دوژمن دەیکەین."
 
لەبارەی رووداوەکانی دزیکردن لە کاتی قەیرانەکاندا، رادان ئاشکرای کرد: "فەرمانی تەقەکردمان لە دزەکان داوە؛ مانای نییە لە کاتێکدا خەڵکەکەمان رووبەڕووی دوژمن دەبنەوە، کەسانێک بوێریی ئەوە بکەن زیان بە ماڵ و سامانی خەڵک بگەیێنن. لەم رۆژانەدا ژمارەیەک دز بە گوللە پێکراون و کوژراون، کە هەواڵەکەشی گەیشتووەتە گوێی دزەکانی دیکە."
 
هەروەها ئاماژەی بە رووبەڕووبوونەوەی چالاکڤانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کرد و گوتی: "81 سەرپێچیکاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانمان دەستگیرکردووە، کە لەنێویاندا کەسانێک هەبوون زانیارییان بۆ کەناڵی 'ئێران ئینتەرناشناڵ' دەنارد. هەروەها کەسێکیش کە پەیوەندیی دارایی بە نەیارانەوە هەبووە دەستگیرکراوە." 
 
رادان جەختیشی کردەوە کە دەزگای دادوەری بڕیاری داوە لە سزای لەسێدارەدانەوە تاوەکو دەستبەسەرداگرتنی موڵک و زیندانیکردن، چاوەڕێی ئەو کەسانەیە کە "دەروون و مێشکی خەڵک تێکدەدەن".
 
فەرماندەی پۆلیسی ئێران بە گاڵتەپێکردنەوە باسی لە هەڵسەنگاندنی وڵاتانی رۆژئاوا و ئیسرائیل کرد و گوتی: "سوپاس بۆ خوا دوژمنەکانمان لە گەمژەترینەکانن، گەمژانەترین کاریان ئەوە بوو کە وایانزانی دەتوانن لە رێگەی ئاژاوەگێڕییەوە جەنگ دەست پێبکەن و پێیانوایە حیساباتە سیستەمییەکانی ئێمە وەک هیی خۆیانە." رادان بۆ سەلماندنی قسەکانی ئاماژەی بە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل کرد و گوتی: "کاتێک گوزمان لە حەیفا دا، خەڵکەکەی لە ترساندا بۆ بەنزینتێکردن پەلەقاژێیان بوو."
 
سەردار رادان تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسی و سەرکردایەتیی ئێران لە دوای لەدەستدانی سەرکردە باڵاکانیان، ئاماژەی بەوە کرد کە "دوژمنی زایۆنی-ئەمریکی" لەم جەنگەدا پێیوابوو تەنیا یەک کەس هەیە رێگرییان لێدەکات. ئەو وێڕای ستایشی "قوربانیدانی" فەرماندە سەربازییەکانی وەک ئەمیر موسەوی، پاکپور، باقری و سەلامی، رایگەیاند کە رێبەری باڵا سەلماندی "خۆی فیدای نەتەوەکەی کردووە."
 
رادان دڵنیایی دا کە سیستمی بەرگریی ئێران لەسەر رێبازی خامنەیی کە بە "ئیمامی شەهید" ناوی برد بەردەوامە و رایگەیاند: "لە شەوانی قەدردا خوا باشترین چارەنووسی بۆ نەتەوەی ئێران نووسی، ئەویش هەڵبژاردنی جێنشینی چاک، ئیمام سەید موجتەبا خامنەیی بوو بۆ رێبەرایەتی."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە