رووداو - هەولێر
بە تۆمەتی سیخوڕییکردن بۆ ئەمریکا، ئێران کارمەندێکی پێشووی وەزارەتی بەرگری بەناوی "جەلال حاجی زوار" لەسێدارەدا.
بەپێی زانیاری میدیای فەرمی ئێران، لە چەند رۆژی رابردوودا کارمەندێکی پێشووی بەشی هێزی ئاسمانی وەزارەتی بەرگریی ئێران لەسێدارەدراوە، کە تۆمەتی ئەوەی دراوەتەپاڵ سیخوڕی بۆ ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە CIA و حکومەتی ئەمریکا کردووە.
جەلال حاجی زوار و هاوژینەکەی دوو ساڵ پێش ئێستا دەستگیرکرابوون، بەڵام حکومەتی ئێران دەستگیرکردنی پشتڕاستنەکردنەوە. هاوژینەکەشی 15 ساڵ زیندانی بەسەرداسەپێندراوە.
دوێنێ هەواڵی لەسێدارەدانی لە میدیا نافەرمییەکان بڵاوبووەوە، بەڵام ئەمڕۆ حکومەت لەڕێگەی میدیا فەرمییەکانەوە لەسێدارەدانی راگەیاند.
ئەو هەواڵە تەنیا دوو رۆژ دوای خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە دێت.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە توویتەری خۆی وێنەی نەخشەی گەرووی هورمز و شوێنی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت فڕۆکەکە سنوورە ئاسمانییەکانی ئێرانی بەزاندووە.
لە بەرامبەردا ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لەدوایین خولەکەکاندا لە بڕیاری هێرشکردنە سەر چەند پێگەیەکی ئێران پاشگەزبووەتەوە، چونکە جەنەراڵەکانی سوپا پێشبینیان کردووە لەو هێرشانەدا 150 کەس بکوژرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ