رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووند لە شێوازی بەڕێوەبردنی سامانی ئاو لە پارێزگای لوڕستان دەگرێت و رایدەگەیێنێت، "لە زەیندا ناگونجێت" پارێزگایەک خاوەنی 12.5 ملیار مەتر سێجا ئاو بێت، کەچی زۆربەی شارەکانی کێشەی کەمئاوییان هەبێت.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە کۆتایی سەردانە دوو رۆژییەکەی بۆ پارێزگای لوڕستان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاند، چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی لوڕستان پێویستی بە بڕیاری جیدی و "ماستەرپلانێکی ستراتیجی" هەیە.
پزیشکیان رەخنەی لەوە گرت کە سەرەڕای هەبوونی رووبار و سەرچاوەی ئاوی زۆری سەر زەوی لە لوڕستان، هێشتا کەرتی کشتوکاڵ پشتی بە بیرەکان بەستووە و گوتی: "زیاتر لە 50٪ی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە لە رێگەی بیرەکانەوە ئاو دەدرێن، ئەمە هەڵەیە و پێویستە راست بکرێتەوە."
سەرۆککۆماری ئێران ئاشکرای کرد کە تیمێکی تایبەتی راسپاردووە بۆ ئەوەی پلانێکی گشتگیر بۆ رێکخستنەوەی سەرچاوە ئاوییەکانی لوڕستان ئامادە بکەن، تاوەکو کۆتایی بە کێشەی تینوێتیی شارەکانی ئەو پارێزگایە بهێنرێت.
هاوکات محەممەدجەعفەر قائیمپەنا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری جێبەجێکردن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پلاندانانی لوڕستان رایگەیاند، کۆی بەکارهێنانی ئاو لە لوڕستان ساڵانە یەک ملیار و 227 ملیۆن مەتر سێجایە و یەک ملیار مەتر سێجا بۆ کشتوکاڵە.
جێگری سەرۆککۆماری ئێران راشیگەیاند، 59٪ی ئاوەکە لە ژێر زەوی دەردەهێنرێت و تەنیا 41٪ی لە ئاوی سەر زەوی و رووبارەکان دابین دەکرێت.
بەگوتەی قائیمپەنا، ئەم هاوسەنگییە نادروستە وایکردووە گوشارێکی زۆر لەسەر سامانی ئاوی ژێر زەوی دروست ببێت، لە کاتێکدا ئاوی رووبارەکان بە فیڕۆ دەچن.
مەسعود پزیشکیان رۆژی چوارشەممە، 18ی شوباتی 2026 گەیشتە لوڕستان و دوای کردنەوەی چەندین پرۆژە و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆتایی بە سەردانەکەی هێنا و بەرەو تاران گەڕایەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ