سەرۆککۆماری ئێران: ئامادەین لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن گفتوگۆ بکەین

22-07-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، گفتوگۆ لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بکەن.
 
سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025 لەگەڵ ئەندامانی بەرەی ریفۆرمخوازیی ئێران کۆبووەوە. 
 
ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران بڵاویکردەوە، پزیشکیان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، حکومەتەکەی ئامادەیە لەگەڵ هەموو لایەنەکان پەیوەندییەکی بنیاتنەری هەبێت لەسەر بنەمای دادپەروەری دەتوانن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنیش گفتوگۆ بکەن، چونکە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران پێویستی بە گفتوگۆیە نەک رووبەڕووبوونەوە.
 
سەرۆککۆماری ئێران گوتوویەتی، ئەگەر پاڵپشتیی عەلی خامنەیی نەبا، هیچکات نەیدەتوانی پارێزگاری سوننە بۆ پارێزگاکانی سنە و سیستان و بەلوچستان دابنێت. 
 
پزیشکیان ئاماژەی بەوەداوە، روانگەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران گۆڕدراوە و تێگەیشتوون بەشێک لەو تۆمەتانەی دەدرێتە پاڵ دەستەبژێرەکانی ئێران، پیلان و فێڵی نەیارانی کۆماری ئیسلامییە.
 
پزیشکیان رایگەیاندووە، لە پڕۆسەی هەڵسەنگاندنەکان بۆ دامەزراندن گۆڕانکاری بەرچاو روویداوە و ژمارەیەک مامۆستا و قوتابیی زانکۆ کە پێشتر دەرکرابوون، گەڕێندراونەتەوە. هەروەها گوتوویەتی، حکومەت بەپێی بنەمای یاسایی و مرۆیی بەدواداچوون بۆ پرسەکانی پەیوەندیدار بە بەندکراوانیش دەکات.
 
سەرۆککۆماری ئێران باسی کێشەکانی ئەو وڵاتەشی کردووە و رایگەیاندووە، کابینەکەی بەسەر کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی کابینەکانی دیکەدا کەوتووە وەکو کێشەکانی کەمیی کارەبا و ئاو.
 
مەسعود پزیشکیان دەشڵێت، لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە پێشنیازی گۆڕینی پایتەختی ئێرانیان هێناوەتە بەرباس، چونکە چیدیکە ناکرێ تاران وەکو پایتەختی ئێران بمێنێت، بەهۆی ئەو کێشە زۆرانەی هەیەتی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە