رووداو دیجیتاڵ
کارزان کەریم، گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ رۆژی 07ـی ئایاری ئەم ساڵ لەسەر شەقامی 100مەتریی هەولێر بە دەستڕێژیی گولـلە و بەرد کوژرا. دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون، کەسوکاری کارزان دەڵێن، تاوەکو ئێستا "بکوژی سەرەکی" دەستگیرنەکراوە و کەسوکاری تۆمەتباران داوا دەکەن بە شێوەیەکی کۆمەڵایەتی کێشەکە چارەسەر بکرێت.
کارزان چەند جارێک چووبووە خوازبێنیی خۆشەویستەکەی، بەڵام خێزانەکەی رەتیان کردبووەوە کچەکەیانی پێ بدەن.
کەسوکاری تاوانلێکراو، ئاشتیی کۆمەڵایەتی (سوڵحی عەشایەری) لەگەڵ ماڵی تۆمەتباران رەتدەکەنەوە. سەمیرە ساڵح، دایکی کارزان، لە بەرنامەی بەرپرسیار کە کەڤین حوسێن پێشکێشی دەکات، گوتی: "ئاشتیی کۆمەڵایەتی ناکەین و کوڕەکەم تەنیا لەسەر خوازبێنیی کچەکەیان کوژرا. داوا دەکەم یاسا حەقی کوڕەکەم بستێنێ."
لەسەر رووداوەکە سێ برای ئەو کچەی کە کارزان خوازبێنیی کردبوو، تۆمەتبارن، یەکێک لە براکانی ئەو کچە تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.
یەکێک لە براکانی تۆمەتباران بە رووداوی گوت: "نازانم ئەو برایەم لە کوێیە. هەرکاتێک دۆزیمانەوە رادەستی یاسای دەکەین."
ئەو برایەی تۆمەتبارەکان، چۆنێتیی رووداوەکە بەمشێوەیە دەگێڕێتەوە، "شەوی رووداوەکە کاژێر 01:16 خولەک پەیوەندی بە باوکمەوە کرد و جوێنی ناشرینی پێیدا. دواتر پەیوەندی بە براکانمەوە کرد و گوتی، وەرن لای ماڵی پوورم دەتانبینم. براکانم چوون کاژێرێک ئامۆژگارییان کرد، بەڵام جنێوی نەشیاوی پێدان. دواتر لە ئەنجامی دەمەقاڵێ ئەو رووداوەی لێکەوتەوە."
سەلام مەغدید، مامی کارزان بە رووداوی گوت، دوای چوار جار لە خوازبێنیی کچەکە و پێنەدانی، کارزان هاوژینی لەگەڵ کچێکی عەرەب پێکهێنا، بەڵام دوای تێپەڕبوونی تەنیا 15 رۆژ بەسەر هاوسەرگیرییەکەی، جیابوونەتەوە.
شەوی پێش رووداوەکە کارزان کەریم لە ماڵی خاڵی بوو. کچە پوورێکی لە بەرنامەکەدا گوتی، "شەو کاژێر 11:00 هاتە ماڵمان، تاوەکو بەیانی نەخەوت. هەر دەڕۆشتە دەرەوە و دەهاتەوە. تەلەفۆنی دەکرد و نامەی دەنارد. شەو کاژێر 4:00ـی بەیانی لە ماڵ دەرچوو، ئێمە ئاگادارنەبووین. کاژێر 9:00ـی بەیانی زانیم کوژراوە."
ماڵی تاوانلێکراو و تۆمەتباران لە قەزای مەخموور بوون. دوای رووداوەکە ماڵی تۆمەتباران لە مەخموور نەماون.
مامێکی سێ تۆمەتبارەکە، کە نەیویست لە بەرپرسیار قسە بکات، بە رووداوی گوت: "ئامادەین ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکەین. لە هەوڵی چارەسەریی کێشەکەداین."
بەپێی گرتە ڤیدیۆیی کاتی رووداوەکە، تۆمەتباران بە بەرد و چەک کارزان کەریم دەکوژن. بە گوتەی پارێزەرێک، تۆمەتباران سزای لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە.
غێدان حەسەن، پارێزەرە و ئاماژەی بەوە کرد، "کوشتنێکی وەحشییانەیە و بەپێی مادەی 406 دادگایی دەکرێن کە سزاکەی لەسێدارەدانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێ و دەبێتە سزای تا هەتایی. هەر سێ تۆمەتبار بەشداربوونە لە تاوانەکە و هەمان مادەی بڕگەی 2 و 3 دەیانگرێتەوە."
داڕشتنەوە: عەدنان رەشید، پرۆدیوسەری بەرپرسیار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ