سەرۆککۆماری ئێران: ئەمنییەتی تورکیا ئەمنییەتی ئێمەشە

24-01-2024
پەیمان محەممەد
نیشانەکردن ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری ئێران لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەردۆغان، گوتی ''لەگەڵ تورکیا پەرە بە پەیوەندییەکانی ئابووری، بازرگانی، رێگەوبان و وزەی نەوت و گاز دەدەین''، گوتیشی، داعش دەستکردی ئەمریکایە و ''رژێمی زایۆنی'' پاڵپشتی دەکات.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە 24-01-2024) ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران کە بە سەردانێکی فەرمی و بەمەبەستی هەشتەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە شاری ئەنقەرە بوو، دوای کۆبوونەوەکەیان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وردەکارییەکانیان خستەڕوو.
 
''پەیوەندییەکی باشی ئابووریمان لەگەڵ تورکیادا هەیە''
 
ئێران و تورکیا پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانیی نێوانیان بۆ 30 ملیار دۆلار زیاد بکەن. ئیبراهیم رەئیسی رایگەیاند، ''ئێران هاوئاهەنگییەکی باشی ئابووری و بازرگانیی لەگەڵ تورکیادا هەیە و هەوڵی گەشەپێدانی زیاتری هاوئاهەنگییەکان دەدەین و لە هەموو بوارێکەوە دەتوانین پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین. ئاستێکمان دیاریکردووە کە لە هەنگاوی یەکەمدا 30 ملیار دۆلارە و بێگومان پێی دەگەین.''
 
بەگوتەی رەئیسی، ئێستا ئێران لە بواری وزەی نەوت و گازەوە توانای بەرچاوی هەیە، دەڵێت ''بڕیارمان داوە پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین لە بواری وزە."
 
وەک سەرۆککۆماری ئێران گوتی، یەکێک لە تەوەرەکان کە لە کۆبوونەوەی هەشتەمی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی دوو وڵاتەکە خراوەتە بەر باس، بابەتی فراوانترکردنی رێگەوبانی نێوانیان بووە، رایگەیاند ''بڕیارماندا بە مەبەستی گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات، لە بواری رێگەوبانیشەوە هەنگاوی زیاتر بنێین.''
 
یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوکارییەکانی ئێران و تورکیا لە ساڵی 2014 بوو. دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە لە 18-07-2022 بە بەشداریی رەجەب تەییب ئەردۆغان لە تارانی پایتەختی ئێران بوو.
 
''داعش؛ دەستکردی ئەمریکایە''
 
ئیبراهیم رەئیسی باسی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، مادە هۆشبەرەکان و تاوانی رێکخراو کرد و گوتی، هاوکاریی ئێران و تورکیا لە بەرەنگاربوونەوەی ئەم سێ دیاردەیە زۆر گرنگە ''تاوەکو ئێستا کۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ دڵەڕاوکێیەکی لەبەرامبەر شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم و پاککردنەوەی ناوچەکە لە خراپەکاران، نەبووە.''
 
سەرەڕای ئەوەی ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمان بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە سووریا، عێراق و هەندێک وڵاتانی ناوچەکە شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم بەتایبەتی داعشە، بەڵام سەرۆککۆماری ئێران پێیوایە، داعش گرووپێکی ''دەستکرد''ـی ئەمریکایە و لەلایەن ئیسرائیلیشەوە کە بە ''رژێمی زایۆنی'' ناوی دەبات، پاڵپشتی دەکرێت.
 
ئیبراهیم رەئیسی ئەو کردەوە تیرۆریستییانە کە لە وڵاتانی سووریا، ئێران، تورکیا، عێراق و ئەفغانستان دەکرێن، دەخاتە پاڵ ئەمریکا و دەڵێت، لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواییشەوە پاڵپشتی دەکرێن.
 
ماوەیەکە داعش چالاکی و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆی کە زیاتر لە وڵاتانی عێراق، سووریا و ئەفغانستان دەبینران، گواستووەتەوە بۆ ئێرانیش و چەندین جار بە تەقینەوەی خۆکوژی هێرشکراوەتە سەر شوێنە ئایینییەکان، دواتر داعش بەرپرسیارێتییەکەی گرتووەتەوە ئەستۆ.
 
دوایینی ئەو هێرشانەش دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 03-01-2024 بوو، کە دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە شاری کرمانی ئێران و لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی چوارەمین ساڵیادی کوژرانی، روویاندا، تەقینەوەکان بوونە هۆی کوژرانی 92 کەس و برینداربوونی دەیان کەسی دیکە.
 
رۆژێک دواتر، داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتێنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن دوو خۆکوژەوە کراون. 
 
سەرۆککۆماری ئێران هاوکاریی وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و بنبڕکردنی مەترسییەکان لە ناوچە بە پێویست دەزانێت و دەشڵێت، ''ئەمنییەتی تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە، ئەمنییەتی ئێمەشە، بچووکترین ئاڵۆزی لە هەر شوێنێکی ئەم ناوچەیە، ئاڵۆزی و نائەمنی دەخاتە تەواوی ناوچەکەوە.''
 
''لەگەڵ تورکیا لەسەر پاڵپشتیی فەلەستین هاوڕاین''
 
چەکدارانی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەم هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و، نزیکەی هەزار و 140 کەسیان کوشت، کە زۆربەیان سڤیل بوون. ئەمە وەک حکومەتی ئیسرائیل باسی دەکات.
 
سوپای ئیسرائیل لە وەڵامدا لە ئاسمان و زەوییەوە دەستی بە بۆردوومان کرد و تائێستا بەگوێرەی تەندروستیی غەززە زیاتر لە  25 هەزار کەس کوژراون، کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
سەرۆککۆماری ئێران لەبارەی شەڕی غەززەوە گوتی "ئێستا بابەتی فەلەستین و شەڕی کەرتی غەززە گرنگترین مەسەلەی جیهانی ئیسلامین. ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا پاڵپشتیی ستەمکردن و تاوانەکانی ئیسرائیل دەکەن، ئەمەش یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانە.''
 
ئیبراهیم رەئیسی ئەمریکا بە ''ستەمکار و تاوانباری سەرەکی لە دژی هاووڵاتییانی فەلەستینی'' دەزانێت و، دەڵێت ''رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان توانا و دەسەڵاتی خۆی لەدەستداوە و بە هیچ شێوەیەک توانای وەستان لە بەرامبەر ستەم و خراپەکاریی ئاشکرای رژێمی زایۆنی دژی هاووڵاتییانی فەلەستینی نییە، ئەوەش جێگەی داخە.''
 
سەرۆککۆماری ئێران، سەرەڕای ئەوەی پێیوایە نەتەوە یەکگرتووەکان توانای وەستاندنی ئیسرائیلی لە هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە نییە، جەختی لەوە کردەوە، ''بێگومان رێکخراوەکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕینی پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی وڵاتانی دیکە لەگەڵ رژێمی زایۆنی هەبێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە ستەم بهێنرێت.'' 
 
وەک ئیبراهیم رەئیسی گوتی، ئێران و تورکیا لەسەر پاڵپشتیکردنی فەلەستین و مقاوەمەی ئیسلامی [لە فەلەستین] هاوڕان و ''دەبێ مافی فەلەستینییەکان بەتەواوی بدرێت، وڵاتەکەیان لە داگیرکەر پاکبکرێتەوە و رژێمی زایۆنیش قەرەبووی ئەو ستەمانە بداتەوە کە زیاتر لە 75 ساڵە بەسەریاندا دەسەپێنێت.''
 
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، پەیوەندیی باشی نێوان تورکیا و ئێران وەک دوو وڵاتی بەهێز، دەتوانێت زۆربەی کێشەکانی ناوچەکە و جیهان چارەسەر بکات.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە