ڤیدیۆ؛ ئێران و ئیمارات یاریی لووتکە دەکەن

23-01-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئێران و ئیمارات
ئێران و ئیمارات
نیشانەکردن ئێران ئیمارات جامی ئاسیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یارییەکانی گەڕی سێیەم و یەکلاکردنەوەی هاوکێشەکان لە جامی ئاسیا بەردەوامن، لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا ئێران سەرکەوتنی یەکلابووەتەوە و رکابەری ئیمارات دەکات بۆ مسۆگەرکردنی پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی.
 
بەر لە دەستپێکردنی دوایین مەشقەکانیان بۆ ئەم یارییە، ئێرانییەکان ئاهەنگیان بۆ کەریم ئەنساریفەرد ئەنجامدا، بەبۆنەی گەیشتنی بە یاریی ژمارە 100 لەگەڵ هەڵبژاردەکە و دوای ئەوە ئامادەکارییەکان بۆ یارییەکی بەهێز و گرنگی نێو کۆمەڵەکە دەستیانپێکرد.
 
ئێران لە دوو یاریی رابردوودا، دوو سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، خاوەنی هێڵێکی هێرشبەری بەهێزە و پێنج گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی لە یاریی رابردوودا لە هۆنگ کۆنگیان بردەوە، هەڵبژاردەکە رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە، بەتایبەت کە ئەستێرەی دیاری وەک مەهدی تارمی، سەردار ئازموون، سامان قودوس، عەلیرەزا جیهانبەخش و چەندین یاریزانی دیکە لەو هەڵبژاردەیەدان، بەڵام هاندەرانیان لە یاریی بەرامبەر هۆنگ کۆنگ لە ئاستی هەڵبژاردەکەیان رازی نەبوون.
 
هەڵبژاردەی ئێران لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بە ئارامییەکی زیاتر لە دوو یاریی رابردوو یاریی دەکات، بەبردنەوە و یەکسانبوون پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی مسۆگەرە و ئەرکیشی لە قۆناخی داهاتوودا ئاسان دەبێت.
 
هەڵبژاردەی ئیمارات بە ئامانجی کردنەوەی گرێی مێژووییەکی خراپ بەرامبەر هەڵبژاردەی ئێران، ئەمڕۆ یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەنجامدەدات و دەیەوێت بە بەردێک دوو چولەکە بکوژێت، هەم کۆتایی بە ئەنجامە خراپەکانی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە بهێنێت، هەمیش بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئیمارات لە دوو یارییدا چوار خاڵی کۆکردووەتەوە، بەبردنەوە دەچێتە پلەی یەکەم و بەیەکسانبوونیش سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرە.
 
ئیمارات لە جامی ئاسیادا 5 جار بەرامبەر ئێران یارییکردووە، چوار جار دۆڕاوە و جارێک یەکسانبووە، لەو 5 یارییەدا ئیماراتییەکان هیچ گۆڵێکیان نەکردووە و ئەمشەو دەیانەوێت کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانیان بهێنن.
 
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیە لە نێوان هەردوو هەڵبژاردەی فەلەستین و هۆنگ کۆنگ دەبێت، فەلەستینییەکان لەگەڵ ئەوەی خاوەنی تەنیا خاڵێکن، بەڵام هێشتا هەلێکی زۆریان ماوە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتوو، جا چ بە پلەی دووەمی کۆمەڵەکە بێت، یانیش وەک یەکێک لە باشترین سێیەمەکان.
 
فەلەستین بەبردنەوە لە هۆنگ و دۆڕانی ئیمارات بەرامبەر ئێران، دەچێتە پلەی دووەم و راستەوخۆ سەردەکەوێت، بەڵام ئەگەر ئیمارات جگە لە دۆڕان هەر ئەنجامێکی دیکە بەدەستبهێنێت، هێشتا فەلەستینییەکان ئەو هیوایەیان دەمێنێت بۆ ئەوەی وەک سێیەمی کۆمەڵەکە بگەنە قۆناخی داهاتوو، بۆیەش ئەمڕۆ هەڵبژاردەکە لە بەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ ئەوەی لە سێیەم بەشداریکردنیدا لە جامی ئاسیا، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی شازدەی پاڵەوانێتییەکە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە