رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، دەیانتوانی پێنج مانگ لەمەوبەر رێککەوتننامەی ئەتۆمی کارا بکەنەوە، بەڵام رێگەیان پێنەدرا.
حەسەن رووحانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ یەکشەممەی کۆڕی گشتیی بانکی ناوەندی ئێران گوتی، ئەگەر لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوی رێگەیان پێدرابا بەپێی پلانی حکومەت درێژە بە دانوستاندنەکان بدەن و پەرلەمانی ئەو وڵاتە یاسای کەمکردنەوەی پابەندیی ئێران بە رێککەوتنی ئەتۆمی پەسەند نەکردبا، دەیانتوانی رێککەوتنی ئەتۆمی کارا بکەنەوە.
رووحانی هەروەها گوتی: "ئەگەر تەواوی گەمارۆکانیش لەسەر ئێران هەڵبگیرێن، بەڵام پرسی پەیوەستبوونی ئێران بە پەیماننامەی شەفافیەتی دارایی FATF چارەسەر نەکرێت، دیسانیش چالاکیی بانکەکانی ئێران کێشەی دەبێت".
بەگوتەی رووحانی، حکومەت و پەرلەمان و ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران کاری خۆیان لەبارەی پەیوەستبوونی ئێران بەو پەیماننامەیە جێبەجێکرد، بەڵام لە شوێنێکی دیکە تووشی کێشەیان کرد، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەناوی ئەو شوێنە بدات.
رۆژی 20-7-2021 ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ئەنجامی دانوستاندنەکانی تیمی دانوستانکاری حکومەتی حەسەن رووحانی سەربارەت بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی رەتکردەوە.
عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران رایگەیاند: "کۆمیتەیەکی تایبەت کە لە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بۆ هەڵسەنگاندنی دەقی رێککەوتنەکە لەگەڵ یاسای پەرلەمان پێکهاتبوو، پێیوابوو لێکتێگەیشتن لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی ناکۆکی لەگەڵ یاساکەی پەرلەماندا هەیە".
رەبیعی گوتیشی: "بە بڕیاری دامەزراوە باڵاکان، دانوستاندن لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی بە حکومەتی داهاتووی ئێران سپێردراوە و بەرپرسایەتییەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی تیمی دانوستاندنکاری نوێ".
لە سەردەمی حکومەتی حەسەن رووحانیدا نەریتخوازان دژی رێککەوتنی ئەتۆمی بوون. بەڵام لەم رۆژانەدا و لە بەرەبەری دەستبەکاربوونی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆککۆماری ئێران، بۆچوونەکانیان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
موجتەبا زولنوری، پەرلەمانتاری نەریتخوازی ئێران، رۆژی 18-7-2021 گوتی: "حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی مێزی دانوستاندن بەجێناهێڵێت، بەڵام ئێران بە مەرجێک پابەندی رێککەوتنی ئەتۆمی دەبێت، کە بەرژەوەندییەکانی دابین ببێت".
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێرانیش کاتی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دژایەتی رێککەوتنی ئەتۆمی نەکرد و رایگەیاند: "راشکاونە دەیڵێم، رێککەوتنی ئەتۆمی وەک رێککەوتنێک کە بە 9 ماددەوە، بەرز و بەڕێز رێبەر پەسندی کردووە، بێگومان وەک گرێبەست و پابەندییەک، وەک هەموو پابەندییەکانی دیکە کە حکومەتەکان دەبێت پێی پابەند بن، پابەند دەبم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ