رووحانی لەبارەی رەتکردنەوەی بەربژێرەکان نامەیەک بۆ خامنەیی دەنێرێت

26-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەڵبژاردنی ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئێران ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد یەکێک لەوانە گەیاندنی رەخنە و گلەییەکانی لە رێگەی نامەیەکەوە بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
حەسەن رووحانی دەڵێت، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار پرسێکی زۆر گرنگە و نیشانەی ئازادی و تێگەیشتنی خەڵکە. خەڵک دەبێت بە ئازادی و تێگەیشتنی تەواو بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەبێت لەسەر بڕیاری خەڵک ئەنجامەکە بەدی بێت.
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، هەڵبژاردنی گەورە لە ئێران رەوایەتیدانە بە دەسەڵات و ئەمە گرنگە و ئێمە ئەوەمان لەبیرکردووە. هەر بڕیارێک کە لە وڵات پاڵپشتی خەڵکی لەگەڵ نەبێت، دانپێدانراو نییە لە بواری یاسایی و ئایینی.
 
لەبارەی مەترسییەکانی بەشداریکردنی لاوازی خەڵک لە هەڵبژاردن سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئەگەر خوا بەو رۆژە نەکات و لە هەڵبژاردن بەشداری خەڵک کەم بێت و بۆ خەڵک هەندێک شت روون نەبێت، ئەو کات بەرژەوەندیی نیشتمانی، ئاسایش و ئابڕووی دەسەڵات لە جیهاندا چۆن دەبێت؟"
 
رۆژی 11-5-2021 دەرگای خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران کرایەوە و پێنج رۆژ بەردەوام بوو، لە ماوەی ئەو پێنج رۆژەدا نزیکەی 600 کەس ناوی خۆیان تۆمارکرد، بەڵام دواجار ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور شیاوبوونی تەنیا حەوت بەربژێری پەسندکرد. ئەوانیش: ئیبراهیم رەئیسی، سەعید جەلیلی، موحسین رەزایی، عەلیڕەزا زاکانی، ئەمیرحوسێن قازیزادە هاشمی، موحسین مێهرعەلیزادە و عەبدولناسر هیمەتی.
 
رووحانی رایگەیاند، لەبارەی بڕیاری ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور بەناچار نامەی بۆ رێبەری ئێران ناردووە و ئەوەی لە مێشکیدا بووە گوتوویەتی و لەبارەی ماددەی 113ی دەستووری ئێرانیش ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام وەک دەڵێت هەرجار ئەو ئەنجوومەنە قسەی خۆیان هەیە و دەڵێن نابێت لەو بارەوە ئاگادارییان پێبدرێت، بۆیە داوای لە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە ئەگەر بە باشیان زانی لەو بارەوە قسەی خۆیان هەبێت.
 
ئەم قسانەی رووحانی لەکاتێکدا کە ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە شیاوبوونی بەربژێرەکانی سێزدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێرانی چەندین کەسایەتیی دیار لەوانە مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێسووی ئێران - عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران و ئیسحاق جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆماری ئێستای ئێران شیاوبوونیان رەتکرایەوە. ئەمەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەربژێر و لایەنەکانی لێکەوتەوە بەوەی رێگە بە باڵی ریفۆرمخواز و میانڕەو نەدراوە بەربژێریان لەم هەڵبژاردنە هەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 د. شلێر رەشیدی، چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی

د. شلێر رەشیدی: لە ئێران تووندوتیژیی دژی ژنان لە زیادبووندایە

چالاکڤانی مافی ژنان و پسپۆڕی کۆمەڵناسیی سیاسی، د. شلێر رەشیدی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی زیادبوونی تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەو بۆشاییە قووڵەیە کە لەنێوان "ئاستی بەرزی تێگەیشتنی ژنان" و "یاسا و دابونەریتە کۆنەکان"دا دروست بووە.