پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای زیادکردنی ژمارەی پەرلەمانتارانی رەتدەکاتەوە

28-04-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئێراندا، پڕۆژەیاسای زیادکردنی ژمارەی پەرلەمانتاران خرایە دەنگدانەوە، بەڵام رەتکرایەوە.
 
پڕۆژەیاساکە لەلایەن کۆمیسیۆنی کاروباری نێوخۆی پەرلەمانی ئێرانەوە ئامادەکرابوو. داوا کرابوو، ژمارەی پەرلەمانتاران لە 290 ئەندامەوە بکرێتە 330 ئەندام.
 
لە کۆبوونەوەکەدا 234 پەرلەمانتار ئامادە بوون، 120 پەرلەمانتار لەدژی پرۆژەیاساکە دەنگیاندا و، 94 پەرلەمانتاریش لەگەڵ پەسندکردنی پڕۆژەیاساکەدا بوون.
 
عەلی ئەکبەر بەستامی، پەرلەمانتاری ئیلام دەڵێت، پڕۆژەیاساکە لەسەر بنەمایەکی زانستی ئامادە نەکرابوو، بۆیە دەنگیان پێنەداوە. ئاماژەی بەوەش داوە، بە هەشت شاری ئیلام دوو پەرلەمانتاریان هەیە، بەڵام لە پڕۆژەیاساکەدا پێشنیاز نەکرابوو ژمارەی پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایە زیاد بکرێت.
 
بەپێی یاسای ئێران، پەرلەمان دەتوانێت بەپێی زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و تایبەتمەندیی بازنەکانی هەڵبژاردن، هەر 10 ساڵ جارێک ژمارەی پەرلەمانتاران تاوەکو 20 ئەندام زیاد بکات. 24 ساڵە ژمارەی پەرلەمانتاران لەو وڵاتە زیاد نەکراوە.
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی ئێران پێش دەنگدان لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە رایگەیاند، حکومەت دژی پەسندکردنی پڕۆژەیاساکەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە