لە سێ مانگدا قەبارەی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەمریکا 27.7 ملیۆن دۆلار بووە

10-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2024دا، زیاتر لە 27 ملیۆن دۆلار بوووە.
 
دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا لە نوێترین راپۆرتیدا، ئامارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە، لە ساڵی 2024، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەر دوو وڵات 2024 بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تەنیا لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 27 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار بووە.
 
بەپێی ئەو دامەزراوەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 23.8 ملیۆن دۆلار هەناردەی ئەمریکا بووە بۆ ئێران کە بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی پار بە رێژەی 77٪ زیادیکردووە. پار هەناردەی ئەمریکا بۆ ئێران، لە سێ مانگی یەکەمی ساڵدا 13.4 ملیۆن دۆلار بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەو ماوەیەدا هەناردەی ئێران بۆ ئەمریکاش زیاتر لە 3.9 ملیۆن دۆلار بووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو کە تەنیا 200 هەزار دۆلار بووە، نزیکەی 20 هێندە زیادیکردووە.
 
دامەزراوەی ئاماری ئەمریکا پێشتر لە راپۆرتێکدا کە لە مانگی شوباتی 2024دا بڵاوکرایەوە، رایگەیاندبوو، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 61 ملیۆن دۆلار بووە. بەپێی ئەو دامەزراوەیە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 59 ملیۆن دۆلار هەناردەی ئەمریکا بووە بۆ ئێران. هەناردەی ئێرانیش بۆ ئەمریکا تەنیا کەمێک زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار بووە.
 
ئێران و ئەمریکا کە زیاتر لە 44 ساڵە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیان نییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش بە درێژایی ئەو ساڵانە بە قەبارەیەکی کەم ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوانیاندا هەبووە. 
 
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی 1979، پەیوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا ئاڵۆزییان تێکەوت و بە تایبەت دوای رووداوی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران، لە 09-04-1980 بە بڕیاری جیمی کارتەر، سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئەمریکا، واشنتن هەموو پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ تاران پچراند.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وردەکاریی رووداوەکە

جێگرانی رەئیسی و عەبدوڵڵاهیان کارەکانیان رایی دەکەن

بە فەرمانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، محەممەد موخبر، جێگری یەکەمی رەئیسی، بووە بەڕێوەبەری دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هەروەها باقری کەنی، جێگری عەبدوڵڵاهیان کرایە بەرپرسی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.