لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت

10-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی لە 22 بازنەی هەڵبژاردن لە 15 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، لەنێویاندا بازنەکانی کرماشان و خوڕەمئاوا، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستیپێکرد.
 
ئەمڕۆ هەینی 10-05-2024 کاژێر 08:00 بە کاتی تاران (07:30 بە کاتی هەولێر) بنکەکانی هەڵبژاردن بە رووی دەنگدەراندا کرانەوە و دەنگدان بۆ گەڕی دووەمی 12ـەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران دەستپێکرد.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە یەکەمین ساتەکانی دەستپێکردنی دەنگدان، لە بنکەی دەنگدانی حوسەینییەی ئیمام خومەینی لە تاران ئامادە بوو و دەنگی دا.
 
دوای دەنگدان خامنەیی داوای لە خەڵکی ئێران کرد بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن. خامنەیی ئاماژە بەوە کرد، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان هێندەی گەڕی یەکەمی گرنگە و گوتی: "تاوەکو دەنگەکان زیاتر بن، پەرلەمان بەهێزتر دەبێت، پەرلەمان بەهێزتر بێت، دەرفەتی کارکردن لە وڵاتدا زیاتر دەبێت."
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا، کە لە 22 بازنەی هەڵبژاردن و لە 15 پارێزگا بەڕێوەدەچێت، چارەنووسی 45 کورسیەکەی دیکە یەکلایی دەبێتەوە. لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراندا کە لە 10-03-2024 بەڕێوەچوو، لە کۆی 290 کورسیی پەرلەمان چارەنووسی 245 کورسی یەکلایی ببووەوە.
 
لەم گەڕەی دووەمدا، 90 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 45 کورسیی پەرلەمانی ئێران دەکەن. بەپێی یاسا لە هەر بازنەیەک ئەو کەسانەی لە گەڕی یەکەمدا زیاترین دەنگیان بەدەستهێناوە، رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکە دەکەن. 
 
لەو 22 بازنەیەی کە گەڕی دووەمی هەڵبژاردن تێدا بەڕێوەدەچێت، دوو بازنەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستانن. لەو دوو بازنەیە 8 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی چوار کورسییەکە دەکەن، دوو کورسی لە بازنەی کرماشان و دوو کورسی لە بازنەی خوڕەمئاوا.
 
دەستەی هەڵبژاردنی ئێران رایگەیاندووە، لە هەشت بازنەی تاران، تەورێز، کرماشان، خوڕەمئاوا، شیراز، ئابادان، قائیم شەهر و مەلایر هەڵبژاردن بە شێوەی ئەلیکترونی بەڕێوەدەچێت.
 
دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند، دەنگدەران لە قۆناخی یەکەمی هەڵبژاردندا لە هەر بازنەیەک دەنگیان دابێت، لە قۆناخی دووەمیش دەبێت لەو بازنەیە دەنگ بدەن. ئەوانەشی دەنگیان نەداوە، ئازادن لە چ بازنەیەک دەنگ دەدەن.
 
لەم گەڕەی هەڵبژاردندا، لە بازنەی تاران چارەنووسی زیاترین کورسیی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە کە 16 کورسییە. لە گەڕی یەکەمدا لە بازنەی تاران تەنیا چارەنووسی 14 کورسی یەکلایی ببووەوە.
 
ئەو پارێزگایانە و ژمارەی ئەو کورسییانەی کە چارەنووسیان یەکلایی نەبووەتەوە ئەمانەن: تاران 16 کورسی، ئازەربایجانی رۆژهەڵات (تەورێز) شەش کورسی، فارس پێنج کورسی، خوزستان سێ کورسی، مازەندەران دوو کورسی، خوراسانی رەزەوی دوو کورسی، کرماشان دوو کورسی، لۆڕستان دوو کورسی، زەنجان دوو کورسی، ئیسفەهان یەک کورسی، ئەلبورز یەک کورسی، خوراسانی باشوور یەک کورسی، گوڵستان یەک کورسی و هەمەدان یەک کورسی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە